ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا، رایگەیاند، "ئێستا توانای بەرهەمهێنانى رۆژانەى کارەبا بڕی سێ هەزار مێگاواتە و خواستیش زیاتر لە 3 هەزار و 500 مێگاواتە، واتە بڕی 500 مێگاوات کورتهێنان هەیە، تاوەکو بەرەو وەرزی سەرماش بڕۆین خواست زیاتر دەبێت".
ئاوێنە: وتەکانى ئومێد ئەحمەد لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى کارەبادا تاوتوێى هەنگاوەکانی پرۆژەی "رووناکی کارەبای 24 کاتژمێریی" کراوە و باسلەوەکراوە، سەڕەرای ئەوەی پڕۆژەیەکی "گرنگ و ستراتیجییە" بۆ چارەسەری بنەڕەتی کارەبا و لەلایەن هاوڵاتییانیشەوە، پێشوازییەکی باشی لێکراوە. ئاماژەبەوەشکراوە ئەم پرۆژەیە فراوانتر دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، جەختیکردەوە ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا ئەوەندە نییە کارەبای 24 کاتژمێریی پێ دابینبکرێت، ئومێد ئەحمەد، بۆچوونى وایە پێش ئەوەی کارەبا بکرێتە 24 کاتژمێریی پێویستە چەند رێکارێک بگیرێنەبەر، لەوانە "توانای بەرهەمهێنان زیادبکرێت، خواست کۆنتڕۆڵبکرێت، کارەبا بە پێوەری زیرەک و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان رێکبخرێت".
کارەبای24 کاتژمێری لەرێگەى پرۆژەى پریپەیدەوە جێبەجێدەکرێت و لە ژمارەیەک بازاڕ و گەڕەک و پڕۆژەى نیشتەجێبوون لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەگوێرەى راگەیەندراوە فەرمییەکانى حکومەت بڕیارە لە سەرتاسەرى هەرێمى كوردستان جێبەجێبکرێت.