مەسعود بارزانی: پارتی تیمێكی پێكهێناوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت
  2024-11-04       318       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، حزبەكەی تیمێكی پێكهێناوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت و لەوبارەیەشەوە ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە جەختی لەوە كردەوە كە "بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پیشانی هەمو لایەك دا."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كراو لای خۆیەوە مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتو پێكهێناوەو ڕاشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لەو كۆبونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×