وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی بەشداری تورکمان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێویستە ڕەچاوی کورسی کۆتا نەکرێت بۆ تورکمان بەڵکو وەک نەتەوە لێی بڕوانرێت و دەشڵێت، نەتەوەی تورکمان زۆر لە کۆتا گەورەترە و گرنگە بەشداری کارای پێبکرێت لەنێو حکومەتدا.
ئاوێنە: ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان، تورکمانەکان لە بابەتی کۆتا زۆر زۆر گرنگتر و گەورەترە و نابێت ئەو دوو کۆتایەی کە تورکمان هەیەتی، بکرێت بە پێوەر بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، پێویستە بوونی نەتەوەی تورکمان وەکو مافی نەتەوەی و قەومی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و هیچ پەیوەندیەکی بە کۆتاوە نەبێت."
وتیشی "ئێمە وەک تورکمان بەشداردەبین لە کابینەی دەیەم نەک وەک کۆتا، چونکە بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کاریگەری زۆر بەهێزی هەبووە لەسەر پێکەوە ژیان و لە ئێستادا کوردستان و عێراق یەکێک لە شتە باشەکانی ئەوەیە کە وەک خۆیی ئەو پێکەوە ژیانی نەتەوەیە ماوەتەوە و بەو هیوایەین پارێزگاری لێ بکرێت.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان دەڵێت "ئەمجارە دەمانەویت بەشداریەکی کارامان هەبێت، وەزارەتێک لە وەزارەتەکانی سیادی یان خزمەتگوزاریمان هەبێت تا بتوانین خزمەت بە خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکانی پێبکەین، واتا مەرجی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێ حکومەتێکی بنکە فراوان پێکبێت و نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات."
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە وەک چۆن لە ڕابردوودا بەشداریەکی کارایان بووە لە حکومەت، لەم کابینەیەش بەهەمان شێوە بەشداریان پێبکرێت وەک نەتەوە، نەک وەکو کۆتا.