لە هەولێر دەرمانخانەیەك لەسەر بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر داخرا
  2024-12-04       1122       

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لەسەر بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەرمانخانەیەكیان لە شارەكە داخستوەو دو كەسیشیان لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیركردون كە یەكێكیان یاریدەدەری پزیشكی دەرمانخانەیە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لە لایەن تیمەکانمانەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دەرمانخانەیەکمان داخست و دو تۆمەتبارمان  دەستگیر کرد بەناوەکانی  (أ. م. ب.) کە یاریدەری پزیشکی دەرمانخانەیە و  تۆمەتبار (أ. ع. أ.).

ئەوەشی خستۆتەڕو،  تۆمەتبارانی ناوهاتو هەڵساون بە بازرگانیکردن بەدەرمانی هۆشبەرو کارتێکەرە هۆشیەکان و بەبێ پسولەی پزیشک و دور لە ڕێنماییە پزیشکییەکان و فرۆشتن و پێدانی بە کەسانی ئالودەی  ماددەی هۆشبەر.

ئاسایش ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها لە کاتی پشکنین بۆ دەرمانخانەکە دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر دەرمانی قاچاخ و ڕێگە پێنەدراوی تەندروستی لە دەرمانخانەکەی هەیەو دەستی بەسەردا گیراو پاشان رێوشوێنی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×