دادگای باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری مەهابادی پەسەندكرد.
ئاوێنە: ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ئاماژەی بەوەداوە كە دادگای باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، "بەبێ هیچ سەرنجدانێک بە کێشە جۆراوجۆرەکانی دۆسیەکە" سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەندكردوە.
ئەو پارێزەرە وتوشیەتی، دادگای باڵای ئێران وەڵامی هیچ یەک لەو کێشانەی نەداوەتەوە کە لە دۆسیەی پەخشان عەزیزیدا بونیان هەبوەو هیچ سەرنج و گرنگییەكیشی بە کێشەکانی دۆسییەكە نەداوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو رەخنانەی لە لێكۆڵنەوەكان و ئەو بەڵگەكانی كە خراونەتەڕو گرنگییان پێنەدراوە كە دەیسەلمێنن دۆسیەی پەخشان عەزیزی شیاوی سەپاندنی سزای سێدارە نییە و چالاکییەکانی لە ڕۆژئاواو لە کەمپی ئاوارەکانی شنگاڵ و کەمپی ئاوارەکانی دیکەی شەڕی داعش چالاکی ئاشتیخوازانە بون کە لە بنەڕەتدا هۆکاری سیاسیان لە پشت نەبوەو بەمەبەستی هاریکاری و گەیاندنی یارمەتی بوە بە ئاوارەکانی هێرشەکانی داعش.
پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە 14ی ئابی 2024 بە تۆمەتی"بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕوبەڕو کرایەوە و سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی 3ی ئابی 2023، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابو.
پێشتر برایەکی پەخشان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو پەخشان هاوینی ساڵی 2023 گەڕاوەتەوە بۆ ئێران بۆ سەردانی خێزانەکەی و لە تاران لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بوە کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و و دواجار پەخشان گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین و ئێستاش سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.