محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهیوان هەرێمی كوردستان رەچاوی تێبینییە تەكنیكییەكانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكات لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و جەختیشدەكاتەوە كە موچەی مانگەكانی دیكەی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم بەشێوەیەكی رێكوپێك دەنێرن.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرق"، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وتی، هەنگاوی گەورەمان ناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
وتیشی، ئەوەی زۆر جێی كێشە بو بۆ هاوڵاتیان، بابەتی موچە بوە، ئەوەش كێشەی تەكنیكییەو بەهیچ شێوەیەك هەڵوێستێكی سیاسی نەبوە لەلایەن بەغداوە كە بەهۆی بەستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بوە بە بودجەی گشتی عێراق و خەرجكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، لەژێر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵیدا كە بڕیارەكەش میكانیزمێكی داناوە بۆ تەوتین و رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، پێویست بو لەسەر حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ، رێكارەكان تەواو بكەن، ئەمەش كۆسپ و كێشەی تەكنیكی تێدا بو و بەم دواییانە ئەو كۆسپ و كێشانە تێپەڕێندران و موچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی 2025 خەرجكرا.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردەوە، بەردەوامیش دەبین لە خەرجكردنی موچەی مانگەكانی دیكەی فەرمانبەرانی هەرێم "بەشێوەیەكی رێكوپێك" و وتیشی، بەهیوای ئەوەین كە ئەو تێبینییە تەكنیكیانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دیاریكراون تەواو بكرێن و پێویستە لەلایەن برایانمان لە هەرێمی كوردستان تێبینییەكان رەچاوبكرێن.
سودانی پرسی نەوتی هەرێمی كوردستانی وەك كێشەیەكی دیكەی نێوان بەغداو هەرێم ناوبردو وتی، لە ڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە هەوڵی چارەسەركردنی دراوە كە بەم دواییانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا.
وتیشی، بەهیواین بەم نزیكانە دەستبكەینەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.