ڤیدیۆ..بەهۆی چڕبونەوەی هێرشەكانی توركیا، سێ گوندی سنوری ئاكرێ چۆڵكران
  2025-02-08       370       

ئەندامێكی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، بەهۆی چڕبونەوەی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیاوە، سێ گوندی سنوری ناحیەی دینارتەی سەربە قەزای ئاكرێ چۆڵكران.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی، بەهۆی بۆردومانی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیاو مەترسی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە ناوچەکەدا، گوندنشینانی هەر سێ گوندی (نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا) لە بناری چیای گارا، لە ناوچەی زێباری، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد و ڕویان لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانییان لە ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ کرد.

ئەوەشی خستۆتەڕو، رۆژی 4ی ئەم مانگە، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتوانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبۆوە، کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم وەرزە وەزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوندنشینانی ناوچەکە.

ئەندامەكەی سی پی تی ئاماژەی بەوەداوە كە بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 183 گوند بەتەواوی چۆڵبون، 602 گوندی تر مەترسی چۆڵبونیان لەسەرە و نزیکە 400 گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی دیمەنی ساتی چۆڵكردنی گوندەكان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×