مەزڵوم عەبدی داوا لە ئەحمەد شەرع دەكات سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات
  2025-02-17       537       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەكات بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەو داواشی لێدەكات سەردانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بكات و هەروەها باسیش دانوستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق دەكات.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "نۆرس پرێس"، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع كردوە بەبۆنەی وەرگرتی پۆستی سەرۆك كۆماری سوریا بۆ فۆناغی راگوزەرو هیواشی خواستوە "بتوانێت سەرۆكایەتی سوریا بكات لەماوەی ئەو قۆناغە هەستیارەدا."

مەزڵوم عەبدی لەبارەی دانوستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق، وتویەتی "هەوڵەكان بۆ دروستكردنی زەمینەیەكی لەبارەی بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی سوریا لە دیمەشق هێشتا بەردەوامن." جەختیشی كردۆتەوە كە گفتوگۆی جدی و ئامانجدار تاكە رێگەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بێنێتەدی.

لەبارەی سەردانەكەی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع بۆ شاری عەفرین، مەزڵوم عەبدی وتویەتی"دەستپێشخەرییەكی گرنگە بۆ هاندانی گەڕانەوەی دانیشتوانی رەسەنی شارەكە بەشێوەیەكی سەلامەت و هەروەها بەهێزكردنی گفتوگۆ."

عەبدی داواشی كرد كە ئەحمەد شەرع سەردانی شارەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان) بكات.

فەرماندەی گشتی هەسەدە رونكردۆتەوە كە چەند خاڵێكی هاوبەشیان لەگەڵ دیمەشق هەن بەڵام هێشتا چەند پرسێكی دیكەش هەن كە جێی گفتوگۆن. لەگەڵ ئەوەش جەختی كردۆتەوە كە هەسەدە پابەندە بە یەكپارچەیی خاكی سوریا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكسانی نێوان سەرجەم سورییەكان بەدور لە جیاكاری.

عەبدی وتوشیەتی، دیمەشق داوای لێكردون ئەو شەڕڤانانەی كە سوری نین، سوریا جێبهێڵن و هەروەها دۆسیەی ئەمنی بەتایبەت دۆسیەی زیندانەكانی داعش رادەست بكەن و دامەزراوەكانی حكومەتی ناوەندییش بگەڕێنەوە بۆ كاركردن لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی، ئێمە لای خۆمانەوە كراوەین بۆ هاوكاریكردن لەو بوارانەدا، ئەوەش لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتوە كە پاراستنی ناوچەكەو شەڕی تیرۆر بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانییەو پێویستی بە هەماهەنگییەكی باڵای نێوان سەرجەم لایەنەكانە بۆ گەرەنتیكردنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەوان كراوەن لەبەرامبەر چارەسەرێكی نیشتمانی كە سەرجەم سورییەكان لەسەری كۆك بن و كاریش دەكەن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە سەردانی دیمەشق بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پلانێكی كاركردنی رون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×