دەم پارتی رایگەیاند، كۆبونەوەكانی وەفدی ئیمراڵیی پارتەكەیان لە هەرێمی كوردستان كۆتاییان هات و ئەمڕۆ چوارشەممە دەگەڕێنەوە توركیا.
ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، وەفدی ئیمراڵی حزبەكەیان ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبونەتەوەو كۆبونەوەكە 45 خولەكی خایاندوەو تێیدا وەفدەكەی ئیمراڵی زانیاریی لەبارەی ئەو دیدارانەی لەگەڵ ئۆجەلان هەیبون خستۆتەڕو و هەورەها مەسرور بارزانی-ش پێشنیارو تێڕوانینی خۆی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری خستۆتە بەردەم وەفدەكە.
دەم پارتی وتوشیەتی، وەفدی پارتەكەیان كۆبونەوەكانی لە هەرێمی كوردستان تەواو كردن و ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ توركیا.
وەفدەكەی دەمپارتی پێكهاتبون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و سری سورەیا ئۆندەر و هەروەها كەسكین بایندر، هاوسەرۆكی پارتی هەرێمە دیموكراتەكان(دەبەپە) و گوڵجان کاچماز سایغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەمەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد و پارێزەرانی ئۆجەلان.