لێدوانی ئەردۆغان لەبارەی ئاهەنگەكانی نەورۆز و خۆپیشاندانەكانەوە
  2025-03-24       475       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، دەیانەوێت جەژنی نەورۆز بكەنە بۆنەیەكی رەسمی لە توركیاو دەشڵێت، دابەشكردنی پەشمەك لەلایەن پۆلیسێكەوە لە جەژنی نەورۆزدا، جەهەپەی نیگەران كردوە.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە وتەیەكدا لەدوای كۆبونەوەی كابینەی حكومەتەكەی، وتی، بەراورد بە ساڵانی رابردو، ئەمساڵ نەورۆزێكی ئاراممان بەڕێكرد.

 وتیشی،"دەمانەوێت نەورۆز بكرێتە پشویەكی رەسمی و سیمبولی برایەتی نەتەوەكەمان. لە لوتکەی داهاتودا پێشنیار دەکەین نەورۆز بكرێتە رۆژێكی هاوبەشی ژیاندنەوەو باهەنگی جیهانیی تورک."

ئەردۆغان وتیشی"سەرەڕای ئەوەی ئاهەنگەكانی نەورۆز هەندێك دیمەنی نەرێنیان تێدا بو، بەڵام ئەمە مانادارە کە ئاهەنگەکانی ئەم ساڵ بێ گرژی بەڕێوەچون."

وتیشی"پۆلیسێکمان لە گیرفانی خۆی پەشمەكی لە هاوڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت كڕیوە و بەسەر منداڵاندا دابەشی کردوە، ئەمە لەلایەن بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی(جەهەپە) بوەتە جێی نیگەرانی و رەخنە."

بەقسەی ئەردۆغان، ئەوانەی كە بە مۆلۆتۆف و بەردو ئامڕازی دیكە هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان، قسەی سەرزارییان بوە بەو پۆلیسەی كە پەشمەكی بۆ منداڵان كڕیوە.

هەروەها لەبارەی لێدوانەكانی مەنسور یاڤاش لە دژی كورد، ئەردۆغان وتی"دڵنیام ئەو دوفاقییە لەلایەن براکوردەکانمانەوە وەکو تێبینی وەرگیراوە. ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی (جەهەپە) کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە ماڵی خەڵک زیانی بەر بکەوێت و کاسبکار زەرە بکات، یانیش حەوشی مزگەوتی مێژوویی بکرێتە مەیخانە، بەڵام دابەشکردنی پەشمەک لە جەژنی نەورۆز ناڕەحەتیان دەکات".

 ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی كردەوە كە ئەوان پێداگرتن لەسەر هێنانەدی توركیایەكی "بێ تیرۆر" و وتیشی"بێ گوێدانە دوبەرەکی، لە داهاتوشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەوەی نەورۆز بکەینە هۆکارێک بۆ ئەوەی 85 ملیۆن باوەش بەیەکدیدا بکەن".

هەروەها لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەردۆغان باسی لە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کرد و بە "گەندەڵ و بەرتیلخۆر" ناوی برد. هاوکات راشیگەیاند، کە ئەم جەهەپەیەی ئێستا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ جەهەپەی 80 ساڵ پێش ئێستادا نییە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×