هاتووچۆی ڕاپەڕین دەڵێت: پارەمان نەدزراوە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنها دەنگۆیە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی کە کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەڕین، بڕی ٧٥٠ ملیۆن دیناری بەڕێوەبەرایەتییەکەی بردووە و هەڵهاتووە، هاتووچۆی ڕاپەڕین لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەى بڵاوبووەتەوە گوایە کارمەندێک ٧٥٠ ملیۆن دینارى داهاتى بەڕێوەبەرایەتى بردووە دوورە لە راستییەوە، چونکە داهاتى مانگانەی ئێمە ناگات بەو بڕە پارەیە و ساڵانە ئێمە وردبینى لە داهاتى خۆمان دەکەین و تاوەكو ئێستا لە وردبینى تەواونەبووین و حساباتى وەسڵ و نووسراوەکان ماون".
ئاماژە بەوەشدراوە، داهاتی مانگانەمان لەنێوان 250 بۆ 300 ملیۆن دینار دەبێت، هۆکارى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵەش ئەوەیە کە کارمەندێکمان لە رۆژى پێنجشەممەوە دیارنییە و ناتوانرێت پەیوەندى پێوەبکرێت.