جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە فراکسیۆنی یەکگرتوو پڕۆژەیەکی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
ئاوێنە: جەمال کۆچەر، لە وتووێژێکدا بۆ کەناڵی «ڕووداو»، وتوویەتی پڕۆژەکە بەو شێوەیە داڕێژراوە کە حکومەتی عێراق خۆی بەرپرسیارێتی گواستنەوەی بەنزینەکە بگرێتە ئەستۆ و لە ڕێگەی ژمارەیەک بەنزینخانەی دیاریکراوەوە دابەشی بکات. بە وتەی ئەو، ئامانج ئەوەیە بەنزینەکە بە شۆفێرانی تاکسی، پاس و هاووڵاتیانی شایستە بگات.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕە بەنزینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نابێت و جیاوازە لەو ٥٠ هەزار بەرمیلە نەوتەی کە هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆی بەکاری دەهێنێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، جەمال کۆچەر وتوویەتی گفتوگۆیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و بە گوێرەی وتەکانی، وەزارەت ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری دەربڕیوە. بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، هەیە.
بەپێی ڕایگەیاندنی کۆچەر، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەن بۆ باسکردن و وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پڕۆژەیە.