ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی
Land of Sara
ناسنامەی کتێب : نیشتمانی سارا
بابەت : داستان ، ڕۆمان
نووسەر: ڕیزدار " میران ئەبراهام"
چاپخانە : ئەندیشە ، شاری سلێمانی
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم ٢٠١٩ ی زاینی
ڕووپەڕی کتێب و نوسراو : سەرجەم ٤٤٨ لاپەڕەی داگیر کردووە. .
ژماردەی کاپتیال : پێنج بەشە کە یەکەم ٢١ پاژ ، دووهەم ٢١ پاژ ، سێهەم ١٢ پاژ، چوارم ٤ پاژ و پێنجەم ٨ پاژە
قارەمانی ڕۆمانەکە : خایم کە خودی نووسەرە
نووسەر بەخامە جوانەکەی ڕۆمانێکی مێژوویی و ڕئالیستی نووسیوە ، کە لە بواری ئەدەبیاتی کوردی ،پەخشانێکی زۆر دڵگیرە وبەزمانی ستاندارد نوسراوە .سیمای بێزهێنەر،ناشیرین و گوم بووی مێژووی باس کردووە و زیندووی کردوەتەوە. شێوەی داڕشتن و نووسینی ڕەوان ودڵنشین و بەچەشنێک داڕێژراوە، کە وەک ئاسن ڕفێن خوێنەرکێش دەکات. وەک دراما کارەساتەکان بە زمانی ئاسایی شارۆمەندان باس، ئانالیز و شی کردوەتەوە. بەڵام کارەساتەکان بەگشتی بارودۆخی دەورانە مێژووییەکان نیشان دەدەن. ڕۆمان دروست بوونی" نەتەوە" بەمانای سوسیولۆژیەکەی یارمەتی فراوان دەدات. کەوایە ڕۆمانەکان نرخی گرانبەهایان هەیە. نووسەر لە روانگەی ئەنترناسیونالیستیەوە و جیا لە ئاین و ئاین زاکان بەختەوەری و تەبایی و پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان بە ئاشکرا ڕادەگەیەنێت و، لە بەستێنی جیاوازدا، هەڵگری دیسکورس و پەیامی ئاشتیخوازانەیە . سالار لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا گرینگی و ستاتوسی زمانی زگماگی دووپات دەکاتەوە. و بڕوای وایە کە هەر کەسێک زمانی زگماکی نەزانێت وەک هەڵؤی باڵکراو وایە . خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە پڕ ناوەڕۆک و دڵنشینە بە هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی پێشنیار دەکەم. بڕوام وایە زەحمەتەکان و ڕەنجەکانی نووسەر شیاوی ڕیز و قەدەردانیە .
میتافۆر و ئیستعارە :
نووسەر لە دەستە واژەی ئیستعارە بۆ دەربڕینی مەبەستەکان بەشیوەیەکی دلخواز کەڵکی وەر گرتوە. داهۆل کە لە بیستان دادەنرێت ، ئاماژە بە پارێزگاری لە کۆمەڵگای سوننەتی و کلاسیک دەکات. نووسەر لە ریتمی ڕۆمانەکەدا زۆر لە میتافور و سانسور دوور کەوتوەتەوە و بەڕاشکاوی پردەکانی ئیخلاقی و داب و نەریتی کۆن دەڕوخێنێت وباسی حەز لێکردن ، پەیووندیە سیکسیەکانی ژن و پیاو دەکات ، کە دیاردەی کود شکێنی و ڕچەشکێنی پێوە دیارە. پەیام و دیسکورسی ڕۆمانەکە لە زمانی ئارۆن ەوە گوتراوە. ئارۆن بۆ مەرگی سارای دایکی، بەردەوام خەمێکی قورسی ئازاری دەدات . وسارایش ئاوێنەی باڵا نوێنی نیشتمانە. خایم وەک پەنابەر دەچیتە ئیسرائیل و پاش ساڵانێکی پڕ لە خەم و پەژارە دەگەڕێتەوە کوردستان و لە نیشتمانی خۆی کۆچ دەکات. وەسیەتی سالار بۆ کوڕەکەی " ئارۆن " ئەوەیە : کاتێک مردم بمسوتێنن و خۆلی جەستەم لە دۆڵی زەڵێدا، کەسارای هاوسەری ( دایکی ئارۆن ) لەو ناوچەیە نیژراوە بەسەر خاکدا بپژێنن.. .
هەڵاواردن و تەبعیز:
بەگشتی کەمینەی جووەکان ، بەهۆی گەشەنەکردنی کۆمەڵگای کوردستان و ڕاگرتنی لە لایەن داگیرکەران و کولونیخوازانەوە، ژیان و ئازادی کەمینەکانی بەرتەسک کردوەتەوە و وەک خاڵێکی نیگەتێڤ لە میژووی ناوچەکە تۆمارکراوە . بەتایبەت شارۆمەندانی شەریف و ئاشتی خوازی ئیزەدی ، یارسانی ، شەبەک ، مەسیحی ، ئەرمەنی ،جوو، کلدانی و قەرەچی بەر نادلۆڤانی و ستەم و هەڵاواردن کەوتون . ئەگەرچی نەتەوەی کورد کەوتوەتە بەر ئاستێکی بەرز لە هەڵاواردن ، ئەمما بواری حورمەت گرتن و هەڵویستەکانی سەبارەت بە کەمینەکانی کوردستان ،ئاستێکی جوامێرانە و دڵخۆشکەری نە بووە. گەڕەکی جووەکان لە شارەکان لەژێر چاوەدێڕی نەبینراو و سنووردار بووە و، بەرد بارانی دانیشتوانی وەک فەرهەنگی هەڵاواردن و تۆلە سەندەوە بەردەوام بووە،کە زۆرمرۆڤی بە ویجدان ئازار دەدات .. .
ئاسیمیلاسیون و دیاسپۆڕا* :
سوکایەتی و بێ حورمەتی بە هزر و کولتور و فەرهەنگی کەمینەکانی تر ، ڕەوتی تواندنەوە خیراتر دەکات . لەم پێڤاژەیەدا سیمبولەکانی ئاین و ئاین زاکان هێواش هێواش تەحقیر کراوە . وەک دیداری ئەلقوش و سوڵتان ئیسحاق ومەزارگەی یارسانەکان . کوردەکان و جووکان لە پێڤاژەی ستەمی نەتەوایەتی سامناک ترین دەورانی مێژووییان هەبووە و، لە سەرانسەری جیهاندا پرژ و بڵاو ترین نەتەوەی جیهانن . تورکانی عوسمانی ڕەنگە سەرکەوتووترین نەتەوەی جێهان بووبن کە لە پێڤاژەی ئاسمیلاسیون و کەڵک وەر گرتن لە ئاین، ڕەوتی چەوساندنەوەی هەموو نەتەوەکان و لەوانە جووەکانیان گەڵاڵە و پلان داڕێژراو کردووە . تورکەکان بارودۆخی سڕینەوەی زمانی زگماگی و فشار و زەخت لە سەرژیانی کەمینەکان کە زمانی تورکی فێر بن وقسەی پێ بکەن ئامادەو دەستەبەر کردووە ..ئەگەر قوتابی فێری زمانی تورکی نەبووبێت سزا دراوە . تورکی عوسمانی بەمەبەستی .سڕینەوەی زمانەکانیی ئارامی ، کوردی ، عیبری ،کلدانی و ئاشوری پلاتفورمی داڕێژراویان هەبووە . تەنانەت لە باتی دیاردەی جەزیە، کە پارە و دراوێک بووە غەیرە موسلمان بە خاتر ئەمنیەتی گیانی بە سیستەمی خەلیفەگەری عەرەبی داوە ، دیاردەی " بەدیل " یان داسەپاندووە. پەنابەران کە بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە ، تووشی خەمۆکی ، دڵە ڕاوکێ ونەخۆشی ڕەوانی هاتوون ، کە شێوەیەک لە نوستالۆژیا و دووری لە نیشتمانە .
دیاسپۆڕا *: دیکتاتوری و حکومەتە توتالیترەکان بە هەڵاواردن وژنوساید نەتەوەیەک ناچار بە کۆچی نادڵخواز لە ئاستی جیهان دەکەن. نموونە بەرجەستەی دیاسپۆڕا جووەکان و کوردەکانن ،کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەک پەنا بەر گیرساونەتەوە..
ئاسیمیلاسیون*: توانەوە . داب و نەریت ، کولتور، زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەک لە بەرانبەر نەتەوەی خاوەن حکومەت و ستەمکار ، کە پڕۆسەیەکی هێواش هێواشی هەیە ، ون و لێڵ دەبێت ودەتویتەوە. ولە ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی بەرگە بەرخودان و بەرەنگاری ناگرێت...
فەرهەنگ و کولتور :
لە کۆمەڵگای دوواکەوتوو نەبوونی یاسا نوسراوەکان وفینۆمنی دادوەری ، ئامێرێک بووە کە کەمینەکانی ئازار داوە و تەنانەت ، لە پێناو سیستەمی کۆن و داڕزیو گیانیان لەدەس داوە . دیاردەی ژن بە ژنە ، کە مافی ژنان نە پارێزراوە و پیاوسالاری نوێنەرایەتی دەکات باس کراوە . نووسەر ئاماژە بە چەتەگەری و ڕێگریی هەمەوەندیەکان دەکات کە بەرهەمی سیستەمی عەشایەرین و کۆمەڵگا نەیتوانیوە ودەسەڵاتدارانی چەوسێنەر نەیاهێشتوە بە خێرایی کۆمەڵگا ڕەوتی پێشکەوتن بپێوێت و بە ئاستانەی دەروازەی شارستانیەت بگات. ئەگەر چی ئەم دیاردەیە، بەرهەمی سیستەمەکان و نەبوونی فینۆمنی دادپەروەریە، بەڵام بۆ کەمینەکان نرخی گران و قورس بووە . سەیەعەتا باینچویی و حەمەتاڵ بانە، یاساشکێن و هەژار پارێزبوون وبەقازانجی ڕەنجدەران و هەژاران دژی سیستەمی پاشایەتی ئێران و عێراق هەڵدەسوڕان ، و شارۆمەندانی هەژار و کەمینەکانیان ئازار نەدەدا . و زۆر جار دەسکەوتەکانیان لە نێوان ڕەنجدەرانی هەژار دابەش دەکرد. لە پێناو ئەو جوامێریە بەیت و سترانی خەماوی لە لایەن خەڵکی ئاسایی لەسەر ژیان و خەباتیان گوتراوە . نووسەر بزووتنەوەیەکی بە نێوی خەڵتووز تۆمار کردووە . جووەکان لە بونیادنانی شاری سلێمانی بەشداری جوامێرانەیان هەبووە . ڕوانگە و خۆشەویستی جووەکان ، بەنیسبەت سلێمانیەوە وەک زێدی باو وباپیران ناو دەبات. نووسەر پەردە لەسەر جەنایەتەکانی کۆماری سێدارە بەشێوەیەکی لۆژیک هەڵدەداتەوە. کە کولتوری وەحشیگەری و بیرەحمیان وەک تاکتیکی توقاندنی شارۆمەندان بەدەستەوە گرتوە . و مرۆڤگەلی ڕادیکال و سیکۆلار و ئازادیخوازیان بە بەرچاوی جەماوەرەوە و لە مەیدانەکانی نێو شار تیرباران کردووە و دەیکەن... .
نەهامەتی شەڕی جیهانی:
شەڕی یەکەمی جیهانی ١٩١٤-١٩١٨ و سیاستەی زلهێزە نیزامی و ئابوریەکان بۆ نەتەوە چکۆلەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرهەمێکی جگە لە ماڵوێرانی ، برسیەتی ، قات و قڕی، نەخوشینی خێرا گوازراو ، نەبوونی ئاسایش و ئەمنیەت ، نابودی هێزی کار یانی جووتیاران ، سەنعەتگرانی چکۆلە و کۆچی نابەدڵ نەبووە . جووتیاران بەهۆی نەخۆشین و زولم و زۆر و دەس بەسەراگرتنی بەرهەمیان لە لایەن زلهێزەکانەوە، بەرهەمی خواردەمەنی و دانەوێڵەیان بۆ شارۆمەندانی ئاسایی کەم بوەتەوە یا نەماوە . برسیەتی تا ئەو ئاستە سامناکە گەیشتوە کە جەماوەری خەڵک بۆ بەدەس هێنانی خواردەمەنی سەرگەردانی ناوچەکان بوون و سواڵیان کردووە . برسیەتی وەک پاڕازیت لاشەی وڵات و بەرهەم هێنەرانی داڕزاندووە . شارۆمەندان بە ناچاری گۆشتی سەگ ، پشیلەو کەریان خواردووە .لە دەورانی شەڕی یەکەمی جیهانی زۆرینەی پیاوەکانی ناوچەی مەریوان لە لایەن تورکی عوسمانیەوە یەخسیر کراون و لە تۆڕی بەرهەم هێنان دوور خراونەتەوە وهێزی کار ئەسیر کراوە . شارۆمەندانی مەریوانی سەر لە کەرکووک و موسل دەردێنن تا لە ژێر ئاڵای عوسمانی جیهاد بکەن . هەلویستی مەلاکانی کورد لە بەستێنی جیهادا بەقازانجی تورکی عوسمانی شکاوەتەوە. دەور و نەقشی مەلاکان بە نیسبەت نەتەوەی کوردەوە لە جێگای شیاوی خۆیاندا نە بووە . لە مەریوان تەنیا ژنان بەر لوتف و گەورەیی تورکەکان کەوتوون و لە زێدی خۆیان ماونەتەوە. شارۆمەندانی بانە ، بە مەبەستی دەرباز بوون لە برسیەتی بەرەو دێهاتی مەریوان و هەورامان کۆچی نابەدڵیان کردووە .دوو بنەماڵەیان لە گوندی " ئاڵمانە "ی هەورامان گیرسانەوە. ئێستاش بانەیەکان دیالکت و زاراوەی شیرینی بانەیان پاراستوە. تاعون و ڕەشانەوە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی چڕاندووە وشارۆمەندان بەخاتری بۆنی ناخۆشی تەرمی مردووکان، لە یەزدان خوازیاری باران و لافاوی بەخۆڕ بوون .
ڕێز لە بیر جیاوازەکان
سنووری بیر و هزری لێل و تەماوی وبەرتەسکی زۆرینەی دەسەڵاتەکان ،لە سیستەمی دواکەوتوودا ، توانا و پوتانسیکی وەر گرتنی فەرهەنگە جیاوازەکانی نیە و وەک هاوماڵ و هاوڕەگەز پێناسەیان ناکات. نمونەی مێژوویی و بەرچاوی مێژوویی ، کەمینەی ئاشتیخواز و عەدالەتخوازو شەریفی ئێزدیەکانە، کە تائێستا دەیان جار ژنوساید کراون . کردەوە و هەلویستی زۆر بێ نرخ و سووک داخستنی دووکان، تێکدانی گؤڕخانە، ئاگر تێبەردانی شوێنی ژیان و کوشتنی سامناکی کەمینەکان بووە . ئیهانە و بێ حورمەتی بە کەمینەکان بەوشەکانی پیس ، مەلعون ، کافر، چرووک و ماڵ خۆشەویست دەربڕاون .نووسەر لە کاناڵی ڕێکخراوەی " خەڵتووز" کە هی جووەکان بووە ، بیری ئەنترناسیونالیسی نوێنەرایەتی دەکات ، کە کوردەکان ، مەسیحیەکان و کلدانیەکان بەمەبەستی خەباتی سیستەماتیک دژی پلانی عەرەبە شوینیستەکان یەک بگرن. ماتانی دارتاش ستاتوس و شەخسیەتی مرۆڤێکی سکولار ، دوور لە خورافات وهەڵگری هزر و بیری ڕئالیستیە و دەڵێت : تەنها بوونی کتێبی پیرۆز بە بێ شەراب ،ئارامی بە ڕۆحمان نابەخشێت .و ئەگەرچی گاڵتەی بە جیهان و دین دەکرد ، وەسیەتی کردبوو ئەگەر مرد، گۆزەی شەرابێک لای کێلی قەبرەکەی دانن.
............................................................ .
خاڵە پۆزیتیڤەکانی کتێبی نیشتمانی سارا زۆرن و ئەم خاڵانەی خوارەوە لە ستاتوس و پێگەی بەرزی رۆمانەکە کەم ناکاتەوە، بەڵام لە لاپەڕەکاندا قورسایی دەکەن و دیارن و تاڕادەیەک تەم و مژی لە سەر کتێبەکە داناوە. . :
خەتی نوسینەکە هەم تۆخ و هەم کەمڕەنگە و لە کتێبەکەدا بەزەقی بەرچاو دەکەوێت. خۆزگە بۆیارمەتیدانی خوێنەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەرهەنگۆکی هەبوایە
هەڵەچن یا نووسەر بەشێوەی مکوڕ پێداچونەوە و کونتڕؤلی وتارەکانی نەکردووە .
ڕەحلە ،ئایا وشەیەکی کوردیە ؟ ئایا کورسی و سەندەلی باشتر نەبوو؟ نێوی مانگەکان بەکوردی هەیە. ئیتر نازانم بە چ مەبەستێک ئاب و ئازار و تەمموز نوسراوە.