فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی لە شاری ئیستەنبوڵ، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و تیایدا جێگری سودانی داوایکردووە؛ بەپەلە بگەڕینەوە بۆسەر مێزی دانوستان و دیالۆگی سیاسی.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرا، بەتایبەتیش لە سۆنگەی بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران".
هاوکات هەردوو وەزیر باسیان لە لێکەوتەکانی ئەم گرژییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کرد، لەنێویاندا دەرەنجامە مرۆییەکان و مەترسیی فراوانبوونی بازنەی ململانێکە.
ئەوەش هاتووە کە فوئاد حوسێن جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و پاراستنی هاوڵاتییانی سڤیل لە شوێنەوارەکانی گرژییە سەربازییەکان کردەوە".
وەزیری دەرەوەی عێراق گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییە بەکۆمەڵەکانی لە رێگەی کەناڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە دووپاتکردەوە و داوای گەڕانەوەی بەپەلەی بۆسەر مێزی دانوستان و دیالۆگی سیاسی کرد، بەوپێیەی تاکە بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دوورکەوتنەوە لە کارەسات لە ناوچەکەدا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەدا باسی رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران و گرنگیی بەردەوامبوون لەسەر راوێژ و هاوئاهەنگی سەبارەت بە پرسە بایەخدارە هاوبەشەکان کرا، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی.