عەلی فەتلاوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح داوا لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینیی دەکات، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل فەتوایەک بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی دەربکات.
ئاوێنە: عەلی فەتلاوی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکردوە:" کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگریکاری ڕاستەقینەی ئیسلامی ڕەسەنە و سەرکردایەتیی ئەو ڕوبەڕوبوونەوەیە دەکات".
ئەوەشیخستەڕوو، "لاوازی هەڵوێستە فەرمییەکان لە جیهانی ئیسلامی سوننەدا ئەو بڕوایە دەبەخشێت کە دەنگی شیعە کە بە لێدوان و فەتوا نوێنەرایەتیی دەکرێت، زۆرترین کاریگەریی هەیە".
فەتلاوی وتیشی: هەر جۆرە سوکایەتییەک یان هێرشێک بەرامبەر بە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، بە هێرش بۆ سەر خودی ئیسلام دادەنرێت، بەو پێیەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتێکی ئایینی دەکات کە ملیۆنان موسڵمان پەیڕەوی لێ دەکەن، هەروەک چۆن لە مەرجەعی باڵای ئایینی سەید عەلی سیستانی هەیە.
لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد: داوا لە مەرجەعی باڵای ئایینی دەکەین کە سەید سیستانی نوێنەرایەتیی دەکات، فەتوایەک دەربکات کە داوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنیستی دەکات، بە سەرکردایەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سەید هادی عامری.