وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سامەڕا پێنج منداڵ بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەنێکی نامۆ بریندار بوون.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکردووە "کاتژمیر 6:45ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پێنج منداڵ لە گەڕەکی جەمعیە لە قەزای دوجەیل، لە سنووری سامەڕا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەنێکی نامۆ-وە بریندار بوون".
وەزارەتەکە دەشڵێت "لە رێگەی بەدواداچوونی کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانە لەکاتێکدا لەبەردەم ماڵەکانیان بوون، بەهۆی پڕیشکی تەنەکە و وردەبەردەوە بریندار بوون"
هاوکات منداڵە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
هەر بەپێی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو منداڵانە برینەکانیان سووک بووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ئەوەش خراوەتە روو، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ ئاگاداربوون لە هەموو وردەکارییەکان.