سەرۆکایەتی کۆماری سوریا بۆردومانەکەی درەنگانی دوێنێ شەوی ئیسرائیلی بۆ نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی وڵاتەكەی شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سازش لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە ناکەن و بە هەمو ئامرازێكی بەردەست، بەرگریی لە مافەكانی گەلەكەیان دەكەن.
ئاوێنە: سەرۆکایەتی کۆماری سوریا، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بە توندی سەركۆنەی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتی دەکەین، کە بینایەکی مەدەنی کردە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم دەستدرێژییە دەکەوێتە چوارچێوەی بە ئامانجگرتنی بە مەبەست کە هەوڵدەدات وڵاتەکە تێکبدات و قەیرانە ئەمنییەکان توندتر بکاتەوە و ئاسایشی نیشتمانی و یەکگرتویی گەلی سوریا بکاتە ئامانج".
بەگوێرەی ڕاگەیەدراوەكە، سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان دەکات، هێرشە سیستماتیک و دوبارەبوەکانی ئیسرائیل ڕابگرن.
ئەوەشیخستەڕو، سەرۆکایەتی کۆمار دوپاتی دەکاتەوە کە ئەم هێرشانەی کە یەکڕیزی و سەروەری و تواناکانی سوریا دەکەنە ئامانج، سەرکەوتو نابن لە لاوازکردنی ئیرادەی گەل بۆ ڕوبەڕوبونەوە یان ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە هەمو ناوچەکانی سوریا .
سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە "سوریا سازش لەسەر سەروەری و ئاسایشی خۆی ناکات، و بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلەکەی بە هەمو ئامرازێكی بەردەست".
ئەوە لەكاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەكەیپ هێرشیکردوەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق و بەڵێنەکەی بۆ پاراستنی دروزەکان لە سوریا دوپاتکردەوە.