ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە، پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و دەست لە دروستكردنی موشەكی دورهاوێژ و پشتیوانیكردنی تیرۆریستان و حوسییەكان، هەڵبگرێت.
ئاوێنە: ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز، لەبارەی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئێران وتی، ئەگەر ئێران خوازیاری ئەوەیە بەرنامەیەكی ئەتۆمیی مەدەنی و ئاشتیانەی هەبێت، واتە بیەوێت وێستگەی وزەی ئەتۆمی هەبێت وەك ئەوەی لە وڵاتانی دیكەی جیهان هەیە، ئەوا رێگەیەك هەیە بۆ دەستهێنانی ئەو كارە كە ئەویش دامەزراندنی وێستگەی وزەی ئەتۆمی و هاوردەكردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوە بۆ خستنەكاری، دەیان وڵات لە جیهاندا وا دەكەن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە جیهاندا تەنیا ئەو دەوڵەتانە یۆرانیۆم دەپیتێنن كە خاوەنی چەكی ئەتۆمین. ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات كە چەكی ئەتۆمی ناوێت، بەڵام لە راستیدا داوای ئەوە دەكات كە تاكە دەوڵەت بێت بێ ئەوەی خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت، یۆرانیۆم بپیتێنێت.
ئەوەشی خستەڕو، ئاستی پیتاندن، خۆی لەخۆیدا جێی بایەخ نییە، چونكە لە راسیتدا ئەگەر توانای پیتاندنی یۆرانیۆمت هەبێت بەڕێژەی 3.67%، چەند هەفتەیەك زیاتر كاتی ناوێت بۆ ئەوەی بیگەیەنیتە 20% و پاشان 60% و تا 90% كە پێویستە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.
بەبڕوای ماركۆ رۆبیۆ، هەمو ئەوەی پێویستە لەسەر ئێران بیكات ئەوەیە كە بڵێت، رازیم بەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرم و وێستگەی ئەتۆمیم هەبێت چونكە پێویستمان بە وزەی ئەتۆمییە و یۆرانیۆمی پیتێنراو هاوردە دەكەین. ئەوەش دەرفەتێكە بۆ ئەوان ئەگەر بیقۆزنەوە، باشترین دەرفەتیشە.
لەبارەی هەڵوێستی ترەمپ، وتی، ترەمپ، سەرۆكی ئاشتییە، شەڕ و ناكۆكی ناوێت و هیچ یەك لە ئێمەش ئەوەمان ناوێت. بەڵام ئەوە رونادات كە لە جیهانێكدا بژین كە تێیدا ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت.
ئەوەشی وت، ئێرانییەكان دەبێت رێگە بە پشكنەری ئەمریكی بدەن بۆ سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەكان. ئەگەر ئەوان چەكی ئەتۆمی دروست ناكەن، دەبێت دەرگای دامەزراوەكانیان بكەنەوە. یەكێك لە شكستەكانی رێككەوتنەكەی پێشو ئەوە بو كە رێگە نەدەدرا پێگە سەربازییەكانی ئێران بپشكنرێن، لەكاتێكدا ئەگەر تۆ بتەوێت چەكی ئەتۆمی دروست بكەیت، زیاتر لەنێو پێگەیەكی سەربازیدا ئەو كارە دەكەیت. بۆیە ئەگەر ئێران بەرنامەكەی بۆ ئاشتییە، ئەوا نابیت بترسێت لە هیچ پڕۆسەیەكی پشكنین كە هەر پشكنەرێك پێی هەڵسێت لەوانەش پشكنەری ئەمریكی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردەوە، ئێرانییەكان رێگەی ئەوەیان لەبەردەمدایە كە سەركەوتن بەدەستبهێنن و گەشەپێدانێكی راستەقینەی ئابوریی لەگەڵ وەبەرهێنانێكی راستەقینە بۆ وڵاتەكەیان بەدەستبهێنن بەڵام دەبێت واز لە پشتیوانی تیرۆریستان و پشتیوانیكردنی حوسییەكان بهێنن و دەست لە دروستكردنی موشەكی دورهاوێژ هەڵبگرن كە ئەو موشەكانە تاكە ئامانج لێیان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمییەو هەروەها پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرن.
وەزیرە ئەمریكییەكە وتیشی، ئەمەش داواكارییەكی نالۆژیكی نییە. چەندان دەوڵەت لە جیهاندان خاوەنی وزەی ئەتۆمن بەڵام یۆرانیۆم ناپیتێنن و هەروەها خاوەنی موشەكی دورهاوێژ نین و پشتیوانی لە تیرۆر ناكەن. ئەمە رێگەی بەردەم ئێرانە، رێگەی ئاشتییە. بەڕاشكاوی داواو تكایان لێدەكەم و هەمو هەوڵێكی خۆشمان دەدەین بۆ ئەوەی رازی بن ئەم رێگەیە بگرنەبەر.