پسپۆڕێكی نێودەوڵەتی: ئاوێنە نمونەی راگەیاندنی سەربەخۆو جێی متمانەیە لەکوردستان
  2025-05-03       373       

ئا: ئاوێنە

 

پرۆفیسۆر تۆماس شمیدینگەر، پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە بواری زانستی سیاسی و ئەنترۆپۆلۆجیا، رایدەگەیەنێت، كێشەی گەورەی میدیای كوردی لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە میدیای سەربەخۆ نین و سەربە حزبە سیاسییەكانن و ئەوەش وادەكات لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا كەمتر جێی متمانەبن. ئەو رۆژنامەی ئاوێنە بە نمونەی میدیای سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان دەهێنێتەوە.

 

تۆماس شمیدینگەر كە هاوكات سكرتێری گشتی كۆمەڵەی نەمسایی بۆ لێكۆڵینەوە كوردییەكانە، لەمیانی بەشداریكردندا لە یەكەم كۆڕبەندی "كوردیش گڵۆب"دا، لەبارەی ئامادەیی میدیای كوردی بە زمانە بیانییەكان و كاریگەری لە رۆژئاوا، دەڵێت، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستانەوە، هەواڵ و راپۆرتی زۆر هەن بە زمانەكانی ئینگلیزی لەچاو 20 ساڵی رابردو. بێگومان لە سەردەمی شەڕی داعشدا، هەرێمی كوردستان لە تروپكی روماڵكردندا بو، لە ئێستادا كەمتر بایەخی پێدەدرێت، ئەوەش پەیوەستە بەو لۆژیكەی میدیاوە كە دەڵێت، كاتەكانی شەڕو تیرۆر زۆر جێی بایەخترن تاوەكو كاتی ئاشتی.

هێما بۆ ئەوەش دەكات، هەروەها ئەگەر هەرێمی كوردستان بەراورد بكەیت بە ناوچەكانی دیكەی خاوەن ئۆتۆنۆمی لە جیهاندا، ئەوا هەرێمی كوردستان هێشتا ئامادەییەكی بەهێزی هەیە لە میدیای نێودەوڵەتیدا. ئەوەش تەنیا كورت نابێتەوە بۆ میدیای ئینگلیزی، بەڵكو میدیای ئەڵمانی و نەمساوی كە بەزمانی ئەڵمانین لەخۆدەگرێت. بۆیە پێموایە روماڵكردنی هەرێمی كوردستان لانیكەم لە ئەوروپا، زۆر باشە.

ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت، بەتێڕوانینی من تێبینییە گرنگەكە بەگشتی بونی كێشەیەكی گەورەیە لە میدیای كوردیدا بە زمانە بیانییەكان كە بەدەگمەن میدیایەكی رەخنەیی سەربەخۆیە. چونكە سەرجەم دەزگا راگەیاندنە كوردییەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان سەربە یەكێك لە حزبە سیاسییە كوردییەكانن. ئەوەش تەنیا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان راست نییە بەڵكو بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەگەر لە روی كوردستانی گەورەشەوە سەیری بكەین، بەسەر پەكەكەشدا جێبەجێ دەبێت.

بۆیە پێی وایە، لەبەر ئەو هۆكارە دواجار سەرجەم دەزگا راگەیاندنە كوردییەكان لایەنداریی سیاسی دەكەن. میدیا نێودەوڵەتییەكان تێبینی ئەمە دەكەن. ئێمە تێبینی جیاوازی نێوان پەیوەندییە گشتییەكان و رۆژنامەوانیی بنكۆڵكاریی رەخنەیی دەكەین.

ئەو دەشڵێت، بێگومان كاتێك رۆژنامەنوسان، رۆشنبیران، سیاسی و دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكان میدیا كوردییەكان دەخوێننەوە، بەتەواوەتی لەوە تێدەگەن كە ئەمە روانگەی پارتییە، یاخود یەكێتییە یان بزوتنەوەی گۆڕان یان هەر حزبێكی دیكەیە. نەبونی میدیای بنكۆڵكاریی سەربەخۆی راستەقینە، بەشێوەیەك لە شێوەكان، كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو بابەتانەی كە رۆژنامەنوسانی رۆژئاوایی لەسەر كوردستان دەیاننوسن.

پرۆفیسۆر تۆماس جەختیش دەكاتەوە كە "ئەمە وا دەكات میدیای كوردی كەمتر جێی متمانە بێت لە روانگەی رۆژنامەنوسان و سیاسییە ئەوروپی و ئەمریكییەكانەوە." لەگەڵ ئەوەش دەڵێت، بێگومان هەندێك دەزگای راگەیاندنی سەربەخۆ هەن، بۆنمونە رۆژنامەی ئاوێنە، كە ماوەیەكە بەشێوەی چاپكراو دەرناچێت و تەنیا بەشێوەی ئەلیكترۆنی هەیە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدەدات، بێگومان ئەو هەواڵانەی پێمان دەگەن لەبارەی سەركوتكردنی هەندێك لە رۆژنامەنوسان و لەلایەن رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە بەتوندی رەخنە لەوبارەیەوە گیراوە لەوانە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان رایتس ۆوچ، وێنەیەكی لە رۆژئاوا دروست كردوە كە كێشە هەیە لە ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانی كوردیدا.

دەشڵێت، سەرەڕای ئەو راستییەی كە هەواڵ و راپۆرتی زیاتر هەن لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها دەنگی زیاتر لە كوردستانەوە بونیان هەیە كە لە رۆژئاوا دەبیسترێن، لەگەڵ ئەوەش لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا چاودێرییەكی رەخنەگرانەتر لەلایەن خەڵكی ئەوروپاو ئەمریكاوە هەیە سەبارەت بەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×