محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامادەبونی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا گرنگە بۆ ئەوەی لەبەردەم وڵاتانی عەرەبی تێڕوانینی خۆی بۆ ئایندەی سوریا رونبكاتەوە. دەشڵێت، سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران، رەنگدانەوەی لەسەر عێراق دەبێت، چونكە عێراق روبەڕوی ئاڵەنگاری زۆر بۆتەوە بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئەو دو وڵاتەوە.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، میوانداریكردنی لوتكەی عەرەبی لە بەغدا، گرنگە بۆ جەختكردنەوە لە رۆڵی عێراق و پەیوەندییە هاوسەنگەكانی لەناوچەكە، ئێمە تەنیا وڵاتێكی خانەخوێ نابین، بەڵكو وڵاتێكی دەستپێشخەری چارەسەر دەبین بۆ قەیرانە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سودانی وتوشیەتی، بانگهێشتكردنمان بۆ ئەحمەد شەرع، لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵی ناسراوی پەیڕەوی كۆمكاری عەرەبیدایە، ئەحمەد شەرع نوێنەرایەتی دەوڵەتی سوریا دەكات بە چاوپۆشین لە پڕۆسەی سیاسی لە سوریاو سروشتی گۆڕانكارییەكان، ئامادەبونیشی لە لوتكەی عەرەبی لە بەغدا گرنگە بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی بۆ ئایندەی سوریای نوێ لەبەردەم وڵاتانی عەرەبی رونبكاتەوە، چونكە سوریا بۆ ئێمەو بۆ هەمو عەرەب، پرسێكی جەوهەریە لە دۆسیەی ئاسایش و سەقامگیریدا.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ ئێران و لەگەڵ ئەمریكاش هەیە، ئێران دراوسێمانەو لەگەڵ ئەمریكاش پەیوەندییەكی دۆستانەی ستراتیژیمان هەیە، بۆیە پەرۆشین بۆ ئەوەی كە زمانی دیالۆگ لەنێوان ئەو دو وڵاتە باڵادەست بێت بۆ روبەڕوبونەوەی خاڵە ناكۆكەكانی نێوانیان، ئێمە پشتیوانی و هانی دانوستانەكانی ئێستای نێوانیان دەدەین، سەركەوتنی دانوستانەكان رەنگدانەوەی لەسەر ناوچەكە بەگشتی و عێراقیش دەبێت، چونكە ئێمە بەهۆی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تارانەوە روبەڕوی ئاڵەنگاری زۆر بوینەوە.
هەروەها لەبارەی پرسی فەلەستین سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو پرسە، ریشەی كێشەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەبێ چارەسەركردنی، روبەڕوی قەیرانی زیاتر دەبینەوە، دەبێت پرسی فەلەستین لە ریشەوە چارەسەربكرێت و سەرۆك ترەمپ دەتوانێت سەركردایەتی هەوڵە جیهانییەكان بكات بۆ چارەسەركردنی و دەبێت گوێ لە فەلەستینییەكان و مافە رەواكانیان بگیرێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێك بۆیان لەسەر خاكی فەلەستین.
هەروەها لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكاش وتویەتی، دۆسیەی ئەمنی، تاكە دۆسیە نییە كە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا گرێ دەدات، بەڵكو گرێبەستی گەورەمان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا هەن، قەبارەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی بۆ عێراق، دەگاتە 4 ملیار دۆلار، بەڵام باجە گومرگییە نوێكانی ئەمریكا، لەڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە كاریگەرییان لەسەر عێراق هەیە، بۆیە پێشنیارمان بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردوە كە لقەكانیان بەڕەسمی و راستەوخۆ لە عێراق بكەنەوە.