بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کۆمەڵێک رێنمایی تەندروستیی بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە، گۆشتی کوڵاو نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
ئاوێنە: بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات، لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکاربهێنرێن.
هەر بەپێی رێنماییەکان، نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن، پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاکبکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا هاتووە، ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت، باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى 24 كاتژمێر لە پلەى (4 -8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
ئەمڕۆ هەینی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆمارکرا.