كەشناسی: تاوەباران و بروسکە و خۆڵبارین بەردەوام دەبێت
  2025-05-05       163       

كەشناسی هەرێم كەشی پێشبینیكراوی 48 كاتژمێری داهاتوی ڕاگه‌یاندوه‌و ده‌ڵێت:"ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان هەوری تەواوو نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ تاوەباران‌و هه‌وره‌ بروسكە لەناوچە شاخاوییەكان‌و سبه‌ینێش ئه‌و كه‌شه‌ به‌رده‌وامده‌بێت".

ئاوێنە: كەشناسی هەرێم ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان هەوری تەواوو نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ تاوەباران‌و هه‌وره‌بروسكە لەناوچە شاخاوییەكان، زیاتریش لەناوچە سنوریەكانی باكورو باكوری ڕۆژهەڵات".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "لەكاتەكانی ئێوارەوه‌ كاریگەریی درێژدەبێت بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست بو سەنتەری شارەكانی هەولێرو دهۆك‌و سلێمانی بۆ ماوەیەكی كەم، پاشان كاریگەریی دابارین لاواز دەبێت بەرەو ناوچە سنوریەكان‌و هەروەها ئەمڕۆ پێشبینی چالاكبونی خێرایی با دەكرێت لەزۆربەی ناوچەكان لەگەڵ بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵ‌و زیاتریش لەناوچەكانی باشوری هەرێم تاوه‌كو كاتەكانی ئێوارە".

جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ لەناوچەكانی قەزای بەردەڕەش‌و ئاكرێ‌و سەنتەری دهۆك‌و دەوروبەری، پێشبینی ژمارەیەكی زۆر لەهه‌وره‌بروسكە دەكرێت.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، سبەینێ سێشەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بارینی كەمێك تاوەباران‌و بروسكە بەتایبەتی لەناوچە سنوریەكانی باكورو خێرایی با / لەسەرخۆو مامناوەند (10 – 20) كیلۆمه‌تر دەبێت‌و پلەكانی گەرما نزمدەبێتەوە بە (3- 5) پلە لەتۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×