تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، سپاردەكانی باج لە كۆتاییدا داهاتی خەزێنەی گشتی دەوڵەتن و راكێشانیان بۆ موچە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، رێكارێكی ئاساییە.
ئاوێنە: تەیف سامی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە، هەژماری تایبەت بە سپاردەكانی باج كە لە بانكی ناوەندی بە ناوی فەرمانگەی ژمێریاری سەربە وەزارەتی داراییەوە كراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پارانەی بچێتە سەر كە وەك باج دەدرێن، زۆربەیان وەك داهاتی كۆتایی خەزێنەی گشتی دەوڵەت هەژمار دەكرێن ئەوەش بەگوێرەی یاسا بەركارەكان.
وتوشیەتی، راكێشانی پارەی سپاردەكانی باج رێكارێكی ئاساییە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، چونكە ئەو پارانە وەك داهاتی كۆتایی خەزێنەی گشتی دەوڵەت حساب دەكرێن.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 15ی مانگی رابردودا بڕیاریدا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ راكێسانی زیاتر لە 3 ترلیۆن و 45 ملیار دینار لە سپاردەكانی باج بۆ تەمویلكردن و پێدانی موچەی مانگی نیستمانی و مانگەكانی دیكە.