ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئهمڕۆ یەکشەممە لە کاتی گەڕانەوەی لە قوبرسی تورکیاوە هێرشێکی توندی کردە سەر ئیسرائیل و سیاسەتەکانی بە "هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی" وەسف کرد، دهشڵێت، ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێری "هەر هەنگاوێکی ئەگەری ئیسرائیل دەکات یان پلانی بۆ دابنێت دژی تورکیا".
ئاوێنە: ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکانیدا ڕونیکردەوە کە "کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی، دواهەمین شت کە ئیسرائیل دەیەوێت سەقامگیری و ئارامییە، سود لە خوێنڕشتن و ئاژاوە وەردەگرێت".
ئەردۆگان جەختی لەوە کردەوە کە "جیهان لە ئیسرائیل گەورەترە، دەبێت گەورەیی نیشان بدات بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانەدا بکات و ئەو ئاگرە بوەستێنێت کە ئیسرائیل هەوڵی هەڵگیرساندنی دەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل درێغی ناکات لە هەڵگیرسانی شەڕەکان لە ناوچەکەدا، "بەهۆی هێزی تورکیاوە لە ناوچەکەدا تێکچوە و ڕێگە نادەین سوریا بکێشرێتە ناو ململانێی نوێوە".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە "پێویستە هەموان پێکەوە کاربکەن بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای یەکگرتویی و سەروەری خاکی خۆی".
لە کۆتاییدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی، ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێری "هەر هەنگاوێکی ئەگەری ئیسرائیل دەکات یان پلانی بۆ دابنێت دژی تورکیا".