دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، هەوڵی ئەوە نادات كە خۆی كاندید بكات بۆ خۆلی سێیەمی سەرۆكایەتی ئەمریكا و پێمباشە لە دوای من كۆمارییەكی مەزن سەرۆكایەتی ئەمریكا بكات.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئێن بی سی نیوز" رایگەیاند، چاوم لەوەیە ئەم چوار ساڵە، چوار ساڵی مەزن بێت بۆ من و پاش ئەوە سەرۆكایەتی وڵات رادەستی كەسێكی دیكە بكەم كە پێمباشە كۆمارییەكی مەزن بێت و وڵات بەرەوپێش بەرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی چارەنوسی تیك تۆك لە ئەمریكا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ درێژكردنەوەی وادەی كۆتایی بۆ كاركردنی تیك تۆك لە ئەمریكا تاوەكو چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە دەدۆزنەوە.
لەبارەی لێدوانەكانشی لەسەر ئەوەی كەنەدا ببێتە ویلایەتی 51ەمی ئەمریكا، ترەمپ وتی، پێی وا نییە پێویست بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی بكات بۆ ئەوەی كەنەدا ببێتە 51ەمین ویلایەتی ئەمریكا.