نەتەنیاهۆ: وەڵامی هێرشی حوسییەكان و ئێرانی پشتیوانیان دەدەینەوە
  2025-05-04       159       

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامیان بۆ هێرشەكەی ئەمڕۆی حوسییەكان بۆ سەر وڵاتەكەی و ئێرانی پشیتوانی ئەو گروپە دەبێت.

ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهۆ، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە پۆستێكدا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، لە كات و شوێنێكدا كە خۆمان دیاری دەكەین، وەڵامی هێرشی حوسییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی سەرەكییەكەمان و ئێرانی پشتیوانیان دەدەینەوە.

ئەمڕۆ حوسییەكان هێرشێكی موشەكیان كردە سەر ئیسرائیل و یەكێك لە موشەكەكان لەنزیك فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن لە ئەلئەبیب كەوتەخوارەوە.

نەتەنیاهۆ لەگەڵ پۆستەكەیدا، پۆستێكی مانگی سێی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای شێركردوەو وتویەتی، ترەمپ راست دەكات، ئێران سەرچاوەی هێرشی حوسییەكانە.

ترەمپ لەو پۆستەیدا كە لە 17ی سێی ئەمساڵ بڵاویكردۆتەوە، هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە لەمەودوا هەر هێرشێك كە لەلایەن حوسییەكانەوە بكرێت، وەك هێرشی ئێران سەیری دەكەن و ئێران باجەكەی دەدات.

نەتەنیاهۆ هەر ئەمڕۆ لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندبو، توانیمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین، هەنیەو سینوارو نەسڕوڵامان لەناوبرد، رژێمی سوریامان روخاند، چونكە بازنەی بەیەك گەیاندنی تاران بو بە حزبوڵای لوبنان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×