ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی شێوازێكی سپیكردنەوەی پارە لەڕێگەی دیاریكردنی مارەیی زۆرەوە لە گرێبەستەكانی هاوسەرگیریدا، هۆشداری دەدات.
ئاوێنە: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی دادگاكانی كردوە، وتویەتی، لەڕوانگەی مەترسیداربونی تاوانی سپیكردنەوەی پارەو یەكێك لە شێوازەكانی كە قۆستنەوەی دادگاكانی باری كەسێتییە بۆ تۆماركردنی گرێبەستی هاوسەرگیریی وەهمی و دیاریكردنی مارەیی هاوسەرگیریی زۆر و دواتر جیابونەوە لە ماوەیەكی كەمداو بەدەستهێنانی بڕی مارەیەیەكە، پێویستە دادگاكان بە چەند كارێك هەڵسن.
وتوشیەتی، لە كاتی بونی مامەڵەیەكی گرێبەستی هاوسەرگیریی لە دادگای باری كەسێتی كە مارەیی دیاریكراو تێیدا زۆر زۆرە، دادگا دەبێت داوا لە هەردو لایەنی گرێبەستەكە ببات كە سەرچاوەی پارەكان لە یاداشتێكی نوسراودا ئاشكرابكەن و ئیمزای بكەن بەرلەوەی رێكارەكانی ئەنجامدانی گرێبەستەكەیان بۆ بگیرێتەبەر.
ئەوەشی خستۆتەڕو، پاش ئەوەش ئەگەر دادوەر باوەڕی بە یاساییبونی سەرچاوەی ئەو بڕە پارەیە و نەبونی نیەتێكی راستەقینە بۆ هاوسەرگیریی ئەو دو كەسە نەبو و بەڵكو پێی وابو كە گرێبەستێكی وەهمیان دەوێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو پارەیە بەناوی مارەیی، ئەوا دەبێت هەردوكیان لەگەڵ كۆپیەكی ئەولەویاتی گرێبەستەكە، هەواڵەی نوسینگەی نەهێشتی سپیكردنەوەی پارە بكات بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی یاساییبون و سەرچاوەی مارەییەكە.

