سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی كردەوە، دواخستنی دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن بەهۆی ئاڵۆزی پرسەكە سرووشتییە، هەندێك جار پێویست دەكات شاندەكان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان بە مەبەستی تاوتوێ كردنی ناوەڕۆكی ئەو دانووستانانەی كراوە، دەشڵێن، لە ئێستادا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەمریكایە.
سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە دواخستنی دانووستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن، كە بڕیاربوو ڕۆژی شەممەی ڕابردووی ئەنجام بدرێت، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتووە، دواخستنی دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن بەهۆی ئاڵۆزی پرسەكە سرووشتییە، هەندێك جار پێویست دەكات شاندەكان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان بە مەبەستی تاوتوێ كردنی ناوەڕۆكی ئەو دانووستانانەی كراوە.
دەشڵێن، ئێران بەپێی بەرژەوەندی خۆی بەشداری دانووستانەكان دەكات، ئێران ناچێتە ژێر هیچ فشارێكەوە، بەڵام ئەمریكا لە ژێر كاریگەری هەندێك وڵاتی ئەوروپی و ئیسرائیلدا بەردەوامە لە وەستاندنی دانوستانەكان.
باس لەوەشكراوە، داوای لە بەشی دیپلۆماسی ئێران دەكەین، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میدیا ناوخۆییەكان بەهێزتر بكەن، بۆ ڕوونكردنەوەی هەڵوێستی فەرمی و دووركەوتنەوە لە پێدانی زانیاری هەڵە سەبارەت بە دانووستانەكان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆپەكە ئێستا لە گۆڕەپانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادایە و ئەگەر پێشكەوتنی ڕاستەقینەی لە دانووستانەكان دەوێت، دەبێت خۆدزینەوە ڕابگرێت و هەنگاوی جددی بنێت.
جێگای ئاماژەیە، دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە مانگی نیسانەوە بە نێوەندگیری عومان دەستیپێكردووە، سێ خولی پێشووتر لە مەسقەت و ڕۆما بەڕێوەچووە، سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەكانی ئەم دواییە، چەندین جار ئاماژە بە “پێشكەوتنی ڕێژەیی” لەسەر هەندێك پرس كراوە.