سوپای ئیسرائیل: هێرشی بەرفراوانمان كردە سەر چەند پێگەیەكی حوسییەكان لە یەمەن
  2025-05-05       163       

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، هێرشی بەرفراوانیان كردۆتەوە سەر چەند پێگەیەكی گرنگی حوسییەكان لە یەمەن لەوانە بەندەری حەدیدە كە بەكاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی ئێرانی بۆ یەمەن.

ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، هێرشی بەرفراوانیان كردۆتە سەر ژێرخانی حوسییەكان لە ناوچەی كەناراوی یەمەن، ئەوەش لەوەڵامی هێرشە بەردەوامەكانی حوسییەكان بۆسەر ئیسرائیل.

سوپای ئیسرائیل هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو پێگانەی لە بەندەری حەدیدە كراونەتە ئامانج، سەرچاوەی داهاتی ناوەندیی حوسییەكانەو بەندەرەكە بەكاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی ئێرانی بۆ حوسییەكان.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، یەكێكی دیكە لەو شوێنانەی كراوەتە ئامانج، كارگەی چیمەنتۆی "باجل"ە لە رۆژهەڵاتی بەندەری حەدیدە كە بەرهەمی كارگەكە بەكاردەهێنرێت بۆ دروستكردنی تونێل و ژێرخانی سەربازیی حوسییەكان.

بەگوێرەی میدیاكانی ئیسرائیل، زیاتر لە 30 فڕۆكەی جەنگی ئیسرائیلی بەشدارییان لە هێرشەكەدا كردوە.

سوپای ئیسرائیل هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە حوسییەكان لەماوەی ئەم ساڵ و نیوەی دواییدا بە فەرمان و بە پارەی ئێران كاردەكەن بۆ لێدانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی و دروستكردنی ناسەقامگیری لەناوچەكەو دروستكردنی پێشوی بۆ ئازادیی كەشتیوانی لە ئاوەكانی ناوچەكە.

جەختیشی كردۆتەوە كە سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بەوپەڕی هێزی خۆیەوە لەدژی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر هاوڵاتیانی وڵاتەكەی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×