وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشی حوسییەکان هەڵدەگرێت
  2025-05-06       164       

ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە دوپاتی کردەوە کە ئێران بەرپرسیاریەتی "تەواو"ی هەر هێرشێکی هاوپەیمانە حوسییەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، دوای ئەوەی حوسییەکان دو ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکەخانەی تەلئەبیبیان کردە ئامانج.

ئاوێنە: ئیسڕائیل کاتز، لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەكەی، دوای ڕاگەیاندنی بۆردومانی فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن وتی، "ئەمە هۆشدارییەکە بۆ سەرۆکی ئێران، كە ئێوە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە هەر هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرپرسیاریەتی تەواو لە ئەستۆ دەگرن".

ئەوە لەكاتێكدایە ئیسرائیل ئه‌مڕۆ سێشەممە هێرشی چڕ و پڕی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن دەستپێکرد، ئەوەش لە هەڵمەتێکی نوێدا دوای چەند کاتژمێرێک لە بۆردومانی پارێزگای حودەیدە.

حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران بەڵێنیاندا کە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بدەنەوە کە فڕۆکەخانەی سه‌نعا و وێستگەکانی کارەبای یەمەنیان کردە ئامانج، ئەوەش دوای هێرشی موشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل.

ڕۆژی 4ـی ئەم مانگە موشەكێكی حوسیەكان لەناو فرۆكەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەبیت كەوتەخوارەوە و موشەكەكە چوار چینی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلی تێپەڕاند، ئەوەش دوای چەند هەوڵێک بۆ رێگریکردن لێی، کە لە یەمەنەوە هەڵدرابو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×