قوباد تاڵەبانی: بۆ موچە چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین
  2025-05-06       160       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راگەیاند، لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن و  بۆ موچەش چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن، دەشڵێت، "ئەوەی دەوترێت لەبارەی ناکۆکی پارتی و یەکێتی هەموی ناڕاستە و کۆبونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش زۆرباش بوە".

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، تا ئێستا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن.

ئاماژەی بەوەشكرد، "بۆ موچەی مانگی (نیسان/4) فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێم چاوەڕوانی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین". 

لەبارەی یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکان لە بەغداد قوباد تاڵەبانی وتی، "ئاساییە لەناو هەرێمی کوردستان بۆچونی جیاوازمان هەبێت، بەڵام دەبێت لەسەر پرسە گرنگ و نیشتمانییەکان لە بەغداد لەپێناو هەرێمی کوردستان یەک ئاراستەبین". 
 
ئەوەشیخستەڕ، ئەوەی دەوترێت لەبارەی ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان هەموی ناڕاستە، بەڵام هۆکار زۆربوە بۆ دواکەوتنی کابینەی نوێی حکومەت، یەکێک لە هۆکارەکان جدیەتی هەردولا بوە لەبارەی ئەوەی حکومەتێک پێکبێت شایستەی خەلكی کوردستان بێت.

لەبارەی كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتیشەوە دەڵێت، "کۆبونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی زۆرباش بوە، زەمینەی باشتری ڕەخساندوە بۆ متمانەی زیاتر و کەشێکی گونجاوتر لەنێوانمان، بۆ ئەوەی کاتێک حکومەت پێکهات باشتر بتوانین ئەم هەرێمە بەڕێوە ببەین".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×