سەرۆکی یەكێـتی جیهانی زانایانی موسڵمان ڕایدەگەیەنێت، وتە نەشیاوەکانیان زیاتر هانمان دەدات بۆ کار و خزمەتی ئاینەکەمان و گەلەکەمان و دەشڵێت: چاوەڕێی هیچ بەرژەوەندیەکی دنیایی و ماڵی نیم لەم کوردستانە.
ئاوێنە: د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەكێـتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە وتارێكدا ڕایگەیاند، وتە نەشیاوەکانیان زیاتر هانمان دەدات بۆ کار و خزمەتی ئاینەکەمان و گەلەکەمان، چونكە ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی فەتواكانمان كاریگەری خۆی هەیە و ئەوەش زیاتر هانمان دەدات بۆ خزمەتكردنی خەڵك و ئاینەكەمان.
ڕاشیگەیاند، چاوەڕێی هیچ بەرژەوەندیەکی دنیایی و ماڵی نیم لەم کوردستانە جگە لە خزمەت کردن و لە هیچ شوێنێك ناوەستین لە خزمەت كردن بۆ گەلی كورد لە توركیا بێت یان لە سووریا یان هەر وڵاتێکی تر.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر فەتواکانی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان جولەکە هەڕەشەمان لێدەکەن و بیستومانەتەوە، کە گوتراوە فەتواکەی یەکێتی جیهانی هاوشێوەی ئەتۆمیەکەی ئێران مەترسییە بۆ ئێمە.
وتەکانی عەلی قەرەداغی لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا عەبدولەتیف سەلەفی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕوداو رەخنەی توندی لە دەرکردنی فەتوای جیهاد لەلایەن عەلی قەرەداغیەوە دژی ئیسرائیل گرت وتی: خۆشی ناتوانێت بچێتە غەززە و ئەزانێت فەتواکەی کاری پێ ناکرێت.