سروە عەبدولواحید: هەرێم چوارشەممە قوفڵی نەوتەكە بكاتەوە، بەغدا موچە رەوانە دەكات
  2025-07-05       322       

سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق رەشنوسێكی ئامادە كردوە بۆ رێككەوتن و چاوەڕێی ئەوەن هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بكات. دەشڵێت، ئەگەر رۆژی چوارشەممە هەرێمی كوردستان قوفڵی نەوتەكە بكاتەوە، ئەوا بەغدا موچە رەوانە دەكات. ئاماژە بەوەش دەدات كە بەغدا دان بە "هەژماری من"دا نانێت و داوای تەوتینی كردوە.

ئاوێنە: سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی عێراق داوای لە حكومەتی هەرێم كردوە، پابەندبێت بە یاسای بودجەی گشتی عێراق و پابەندبێت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، هەرێم بە بەغدای راگەیاندوە، ئەو نەوتەی بەرهەم دەهێنرێت (282) هەزار بەرمیلە، لەكاتێكدا هەرێم رۆژانە زیاتر لە (400) هەار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت. وتیشی"لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا وتویەتی ئەو بڕەمان قبوڵەو رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكەن، بەڵام هەرێم دەیەوێت تەنها (50) هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی بەغدا بكات."

ئاماژەی بەوەشدا، هەرێم بە بەغدای وتوە، رۆژانە پێویستی بە (115) هەزار بەرمیل نەوتە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، كە پێكەوە دەكاتە (165) هەزار بەرمیل و بەنیازە (120) هەزار بەرمیلەكەی تریش خۆیان مامەڵەی پێوە بكەن و نەیدەن بە بەغدا.

سروە عەبدولواحید وتیشی، لە سەدا (90) ئەو كۆمپانیایانەی كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كۆبونەتەوە، رازین بە داواكارییەكانی، بۆیە هەر بیانویەك حكومەتەكەی مەسرورو قوباد باسی دەكات، دورە لە راستییەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، هەرێمی كوردستان پێویستی تەنها بە (42) هەزار بەرمیلە.

بەپێی قسەی سروە، حكومەتی عێراق پێشنیازی كردوە ئەو (42) هەزار بەرمیلەی رادەست بكرێت، خۆی لقێكی بەرهەمی نەوتی لە هەولێر دەكاتەوەو نرخی نەوت و نەوت بەنزین دەكات بەهەمان نرخی پارێزگاكانی تری عێراق، بەڵام هەرێم رەتیكردوەتەوە.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، حكومەتی بەغدا داوای لە هەرێم كردوە تەوتین دەستپێبكاتەوە، بەبێ‌ تەوتین ناكرێت موچە بنێرن بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمان رازی نین.

جەختیشی كردەوە كە بەغدا دان بە هەژماری مندا نانێت و داوایكردوە لە ماوەی سێ‌ بۆ چوار مانگدا، تەواوی موچەخۆرانی هەرێم ژمارە حسابییەكانیان بگوازنەوە بۆ سەر ژمارە حسابیەكان لەبانكە فیدراڵییەكان، بۆ ئەوەی راستەوخۆ موچە بنێرین بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، هەرێم ئەمەشی رەتكردوەتەوە.

وەك سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ باسی كرد، لە ئێستادا حكومەتی فیدراڵی رەشنوسێكی ئامادە كردوە هەمو چارەسەرەكانی تێدایە  چاوەڕێی ئەوە دەكەن هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بكات، ئەگەر هەرێم واژۆی كرد، لە كۆبونەوەی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دەدرێت.

وتیشی، بەپێی قسەی بەرپرسانی عێراق ئەگەر هەرێم رازی بو، رۆژی سێشەممەش دەنگی لەسەردرا لە ئەنجومەنی وەزیران، چوارشەممە هەرێمی كوردستان قوفڵی نەوتەكەی كردەوە، ئەوا لە بەغداوە موچە دێت و موچەی یەك مانگ دەخرێتە سەر ئەژماری بانكی هەرێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×