عومەر گوڵپی: قسەكەی وەزیری دارایی دروستە، دەتوانن بە داهاتی ناوخۆ موچە دابەش بكەن
  2025-07-05       434       

عومەر گوڵپی، كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت، قسەكەی وەزیری دارایی هەرێم دروستە، دەتوانن بە داهاتی نەوتی و نانەوتیی ناوخۆ موچە دابەش بكەن، بەڵام پاش دو مانگ لە دواکەوتنی‌ موچە، دەسەڵات هێشتا پێی‌ وایە نە ناچارە لە داهاتی‌ نەوت و ناوخۆ موچە دابەش بکات و نە ناچارە بە یاسای‌ بودجە ڕازی‌ بێت لە ڕادەستکردنی‌ نەوت بە بەغدا تا بەغدا موچە بدات.

ئاوێنە: عومەر گوڵپی، كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، نزیکەی‌ مانگێک تێپەڕیوە بەسەر قسەکەی‌ وەزیری‌ دارایی‌ حکومەتە ماوە بەسەرچوەکەدا کە وتی‌"ئەگەر ناچار بین دەتوانین بە داهاتی‌ نەوت و ناوخۆ موچە دابەش بکەین!"، بەڵام تا ئێستاش کە چوینەتە مانگی‌ حەوتەوە، هیچ باسێک لە موچەی‌ مانگی‌ پێنج و شەش نییەو دیار نییە دەسەڵاتی‌ ستەمکار کەی ناچار دەبێت؟

ئەو كاندیدە سەركەوتوەی كۆمەڵ وتوشیەتی"قسەکەی‌ وەزیری دارایی‌ دروستە، چونکە ئەوان لە ساڵی‌ 2024و شەش مانگی‌ ئەمساڵیش 2025، یەک دیناری داهاتی‌ ناوخۆیان بۆ موچە خەرج نەکردوە، پاش لێدەرکردنی‌ خەرجییەکانیش دەبو 3 ترلیۆن و (311 ملیار) دینار لە خەزێنەکەیدا بوایە. لە داهاتی‌ نەوتیش دەبو پاش لێدەرکردنی‌ خەرجی‌ کۆمپانیاکان ئەوان نزیکەی‌ (5 ترلیۆن) و (600 ملیار) دینار داهاتیان بدایە بە خەزێنەی‌ گشتی‌."

عومەر گوڵپی وتوشیەتی"سەیرەکە ئەوەیە وەک دەڵێن لە کۆبونەوەی‌ هەفتەی‌ پێشوی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران وەزیری‌ دارایی‌ وتویەتی‌ تەنیا (160 ملیار) دینارمان لەبەردەستە! کەواتە نهێنی‌ بونی‌ داهاتێکی‌ زەبەلاحی‌ نزیکەی‌ (9 ترلیۆن) دینارو نەبونی‌ لە خەزێنەکەی‌ وەزیریی‌ داراییدا هەر بۆ قسەکەی‌ خۆی‌ دەگەڕێتەوە کە هێشتا لایەنەکانی‌ دەسەڵات خۆیان ناچار نابینن موچە دابەش بکەن!"

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "پرسیارەکە ئەوەیە: خەڵکی‌ کوردستان کەی‌ دەسەڵاتی‌ یاخی‌ و ستەمکار ناچار دەکات بە موچە دابەش کردن؟ کەی‌ لەسەر مافەکانی‌ خۆی‌ و ئەم برسیکردنە دەنگ هەڵدەبڕێت؟ چونکە دەسەڵات پاش دو مانگ لە دواکەوتنی‌ موچە هێشتا پێی‌ وایە نە ناچارە لە داهاتی‌ نەوت و ناوخۆ موچە دابەش بکات، نە ناچارە بە یاسای‌ بودجە ڕازی‌ بێت لە ڕادەستکردنی‌ نەوت بە بەغدا تا بەغدا موچە بدات."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×