وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە بڕیارەكەی پەكەكە دەكات بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو راگرتنی ململانێی چەكداری و دانانی چەك و دەڵێت، هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگە بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامیگری عێراق و ناوچەكە.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، راگەیاندنەكەی پەكەكە دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ ئەوەی هەوڵەكانی ئاشتی هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بچن و كۆتایی بەو شەڕە دورودرێژانە بهێنرێت كە بۆ ماوەی چەند دەیەیەكە كاریان كردۆتە سەر گەلانی ناوچەكە. هەروەها ئەم پێشهاتە دەروازەیەكی سروشتییە بۆ چاوخشاندنەوە بەو پاسا و بەهانانەی بەردەوام بەكارهێنراون بۆ پاساودانەوەی بونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق.
وەزارەتەكە جەخت لە پشتیوانیكردنی هەمو ئەو هەوڵانە دەكاتەوە كە دەبنە مایەی بەهێزكردنی ئاشتی و سەقامگیری و جەختیش دەكاتەوە لەسەر گرنگی چارەسەركردنی ئاڵەنگارییە ئەمنییەكان لەڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە بەشێوەیەك كە خواستەكانی گەلانی ناوچەكە لەبارەی ئاسایش و پەرەپێدانەوە بهێننەدی.