پۆلیسی فەلووجە رای گەیاند، لەمەودوا هەر كەسێك شۆرت و جلی نەشیاو لەبەر بكات دەیگرن، ئەم كارەشی بەبیانووی پاراستنی دابونەریتی عەشایەرییە.
ئاوێنە: پۆلیسی شارەدێی فەلووجە لە هەڵمەتێكی سەیردا، دەستی كردووە بەگرتنی گەنج و مێردمنداڵی شارۆچكەكە گوایە جلی نەشیاو لەبەر دەكەن.
پۆلیس دەڵێت، هەڵمەتەكە بۆ ئەوانەیە شۆرت و جلی نیمچەڕووت لەبەر دەكەن، ئەوە لەگەڵ كولتووری عەشایەریی ناوچەكە گونجاو نییە و رێگە بە كەس نادەین لەمەودوا ئەو كارە بكات.
پۆلیس كە بەپێی یاسا مافی ئەو كارەی نییە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن: ئەوان كولتووری عەشایەریی ناوچەكەیان دەپارێزن، ئەو جلوبەرگەی ئێستەی گەنجەكانیان، شیرازەی كۆمەڵایەتی دەشێوێنێت.
هەڵمەتەكە ماوەیەكە بەڕێوە دەچێت و پۆلیس دەڵێت، گەنجێكی زۆریان گرتووە و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەیەك ئازادیان دەكەن، بەگوتەی بەرپرسانی پۆلیسی شارۆچكەكە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت تا شۆرت لە ناوچەكەدا بنبڕ دەكرێت.