لە هەولێر مۆلیدە ئەهلیەکان ٢٤ کاتژمێر نایەڵن خەڵک بێ کارەبا بێت
  2025-05-13       118       

لە هەولێر بڕیاردراوە، لەو گەڕەکانەی کە هێشتا پرۆژەى رووناکییان پێنەگەیشتووە، مۆلیدە ئەهلییەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دابینبکەن.

ئاوێنە:  ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئاشکرایکرد، بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و دەستپێکردنی وەرزی تاقیکردنەوەکان لە هەولێر، بڕیاردراوە لەو گەڕەکانەی کە هێشتا پرۆژەى رووناکییان پێنەگەیشتووە، مۆلیدە ئەهلییەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دابینبکەن و بڕیارەکە لەسەر داوا و خواستى هاونیشتمانییان بووە.

هاوکات، سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ گۆڕانکاریی لە کاری خشتەی مۆلیدە ئەهلییەکان و ئەگەر بڕیارێکی لەوجۆرە بدرێت لە پاش ١٥ـى مانگەوە دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەولێر و سلێمانى مۆلیدە ئەهلییەکان لە کاتى نەبوونى کارەباى نیشتمانیدا رۆژانە لەنێوان ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر کارەبایان دابیندەکرد، بەجۆرێک لە هەشتى بەیانى تاوەکو ١٢ى نیوەڕۆ و لە شەویشدا لە پاش یەکى شەوەوە تاوەکو شەشى بەیانى مۆلیدەیان هەڵنەدەکرد، بەڵام هێشتا لە سلێمانى بەهەمان سیستم کار دەکرێت.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×