“ئەگەری ڕاگرتنی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا هەیە”
  2025-05-15       266       

سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئێرانی ڕایگەیاند، سەركردایەتی ئێران بە جددی بیر لە ڕاگرتنی دانوستانە ناڕاستەوخۆكان لەگەڵ ئەمریكا دەكاتەوە كە لە لایەن سوڵتانییەتی عومانەوە نێوەندگیری دەكرێت، بەتایبەتی دوای قسە و لێدوانەكانی ئەم دواییانەی دۆناڵد ترەمپ، دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی تاران بە جددییوە تاوتوێی ئەم ئەگەرە دەكەن.

ئاوێنە::میدیا عەرەبییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئێرانەوە سەبارەت بە ئەگەری ڕاگرتنی كۆبوونەوەكانی دانوستانی نێوان تاران و واشنتۆن زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

ئەو سەرچاوەیە بە “بەغداد الیوم”ی ڕاگەیاندووە: کە تاران ناڕازییە لەو كەشوهەوا دژبەیەكەیەی لە دەوری هەڵوێستەكانی ئەم دواییەی واشنتۆن هاتووەتە ئاراوە،  چونكە لەلایەك  گوشار و سزاكانی ئەمریكا ڕوو لە زیادبوونە، لەلایەكی دیكەوە واشنتۆن باس لە گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەكات، كە تاران بە ڕەفتارێكی نادروستی دەزانێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بژاردەی ئێستا بریتییە لە ڕاگرتنی كاتی پرۆسەی دانوستان تاوەكو مەبەستی ئیدارەی ئەمریكا بە كردەوە ڕوون دەبێتەوە، دانوستاندنەكان ناتوانن بەپێی سیاسەتی فشار بەردەوام بن لە ئێستادا دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی تاران، لەوانە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بە جددی تاوتوێی ئەم ئەگەرە دەكەن، بەتایبەتی لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژی میدیایی و سیاسی لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.

ئەم هەڵوێستەی تاران لەکاتێکدایە چوارەمین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا لەم مانگەدا لە شاری مەسقەت بەڕێوەچوو، تا ئێستا ناوەڕۆكی ئەو كۆبونەوانە نەخراوەتەڕوو، تەنیا هەردوولا ئاماژە بە ئەرێنی دانوستانەكان دەكەن.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×