لەبارەی مووچەی مانگی پێنج زانیاریی فەرمی بڵاوکرایەوە
  2025-05-14       1223       

 ‌
وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، مووچەی مانگی چوار بەبێ‌ هۆ راگیرابوو، ئێستەیش نەیانگوت بۆچی نەیانناردووە، بۆ مووچەی مانگی پێنجیش قسەی هەیە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایار، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، مووچە بۆچی دواخرا بۆ هیچ نەبوو، هیچ هۆكارێك نەبوو كە حكوومەت مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی دواخست.

زیاتر وتی، دەتوانم بڵێم ئەو قسانەی دەكران، گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیست نانێرێ و كەمتەرخەمی دەكرێ و بابەتی تەكنیكی هەیە، ئێمە 20 رۆژ بوو بەبێ هیچ كەموكورتییەك لیستمان ناردبوو، بەڵام جارێكی تر مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دواكەوت بەبێ هیچ پاساوێك، بەبێ ئەوەی بوترێت بۆ ناینێرێت، بە بێ ئەوەی ئاماژەی پێ بكرێت بەم هۆكارە نانێرێت و دواییش هات.

باسی لەوەش كرد، ئەو جۆرە مامەڵەیەی حكوومەتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، درێژكراوەی ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانەیە كە بەرانبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، پێمان وایە نیازێكی پاك لە پشت ئەم تەرەگانەوە نییە.

روونی كردەوە، ئەمانە هەمووی پێشێلكاریی دەستوورین، ئەم پێشێلكارییە لەگەڵ هەرێمێكی فیدراڵیدا دەكرێت كە هەرێمی كوردستانە، ئەم پەیامەش بە حكوومەتی فیدراڵ دراوە و لە بودجەی ساڵی 2026دا ئێمە داوای بودجەی خۆمان دەكەین.

دەشڵێت، بۆ مووچەی مانگی پێنج ڕەنگە پرسیار بكەن چی كراوە بۆ مووچەی ئەم مانگە، ڕاستییەكەی ئێمە ئامادەی دەكەین، بەڵام سوودی چییە كە هەر چۆن و كەی ئامادەی بكەیت، ئەوان 20 ڕۆژ و زیاتر دوای دەخەن، ئێمە هەموو كێشەكانمان چارەسەر كردووە و سەرەڕای ئەوەش دادگای فیدراڵی بە ڕوونی گوتوویەتی، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نابێت تێكەڵی هیچ بابەتێكی تر بكرێت، دەبێت بە بێ هیچ بیانوویەك مووچە بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×