عومەر گوڵپی، كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نرخی كارەبای 24 سەعاتی كەم نەكردەوە بەڵكو گرانی كرد. دەشڵێت، ئەو نرخانەی بڕیاریان لێدرا، رێک بە بازرگانیکردنی کارەبایەو شتێک نامێنێت ناوی کارەبای حکومی بێت.
ئاوێنە: عومەر گوڵپی لەبارەی گرانكردنی نرخەكانی كارەبای 24 سەعاتی لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی، لە ئاستی یەکەم؛ ( ١ تا ٤٠٠) کیلۆ وات کە نزیکەی (٢،٥) ئەمپێری بەردەوام دەکات، پێشتر تەنیا بە (١٨ دینار) ئەژمار دەکرا ئێستە کراوە بە ( ٧٢ ) دینار.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئاستی دوەم؛ (٤٠٠ تا ٨٠٠) کیلۆ وات کە نزیکەی (٥ ئەمپێری بەردەوام دەکات لە ٢٤ دینارەوە گران کراوە بۆ ١٠٨ دینار!
بەقسەی ئەو، لە ئاستی سێیەمدا لە (٨٠٠ تا ١٢٠٠) کە دەکاتە نزیکەی (٧،٥) ئەمپێری بەدەوام دەکات، پێشتر هەر بە ( ٤٢) دینار بو، ئێستە گرانکراوە بۆ ١٧٥ دینار!
ئاماژەیس بەوەشداوە، لە ئاستی چوارەمیش لە (١٢٠٠ تا ١٦٠٠) کە نزیکەی (١٠) ئەمپێری بەردەوام دەکات پێشتر نزیکەی (٥٠) دینار بو ئێستە گرانکراوە بۆ ( ٢٦٥) دینار!
ئەوەشی وتوە، لە ئاستی چوارەم و زیاتر؛ لە (١٦٠٠ کیلۆ وات و زیاتر) کە دەکاتە (١٠) ئەمپێری بەردەوام پێشتر بە (٧٢) دینار بو، ئێستە گرانکراوە بۆ (٣٥٠) دینار!
عومەر گوڵپی ئاشكراشیكردوە، بۆ نمونە: ئەگەر خێزانێک لە وەرزی زستان یان هاوین (١٢٠٠) کیلۆ واتی بەکارهێنابێت کە دەکاتە (٧،٥) ئەمپێری بەردەوام، هیچ خێزانێکی پێنج کەسیش زەحمەتە لە زستان و هاوین بتوانێت لەو بڕە کەمتر بەکاربهێنێت، ئەوە بۆ ئەو بڕەیە پێشتر (٣١،٠٠٠) دیناری دەدا، بەڵام لەم نرخە بازرگانیانەی بڕیاریان لێداوە دەبێت (١٤٢،٠٠٠) دینار بدات!
هەروەها نمویەكی دیكەشی خستۆتەڕو و وتویەتی، ئەگەر خێزانێک بە بەردەوامی (١٠) ئەمپێر بەکاربهێنێت کە دەکاتە (١٥٨٤) کیلۆ وات، ئەوە پێویستە مانگانە بڕی (٢٤٣،٧٦٠) دینار بدات!
لەكۆتاییشدا پرسیویەتی، ئایا بەم نرخانە شتێک دەمێنێت ناوی کارەبای نیشتیمانی و حکومی بێت؟