ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بە كۆی دەنگ پڕۆژەی روناكی پەسەندكردو هەروەها جەختیش دەكاتەوە كە هیچ كەموكوڕییەكی تەكنیكی نەماوە تاوەكو بكرێتە بەهانە بۆ راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. حكومەتی هەرێم ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی لە راگەیەندراوێكدا خستۆتەڕو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی روناكی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاريی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بڕگەی دوەمی كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاريی دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنوسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینيی دارایيی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتيی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبونی هاریکاری و هاوئاهەنگيی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دوپاتی کردەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ وەکو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستوری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشەبودجەی هەرێم و شایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتيی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی موچە و خانەنشینی و تەرازوی پێداچونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسيی بێهاوتا بۆ سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردوەو هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕوەوە نەماوە، تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایيی ڕەوای موچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردوەتەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبونەوە، گفتوگۆکردن بو لەسەر ڕەشنوسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە (پـڕۆژەی ڕوناکی)، بۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکـانی کارەبـای نیشـتمانی، بەشێوەیەکی فراوان و بە بەردەوامی و کەمکــردنەوەی تێچــوی بەکارهێنــان و ڕێگــريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتيی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتی و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا، میوانداریی هەردو بەڕێوەبەری گشتيی دیوان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم کرا بو بۆ خستنەڕوی وردەکاریی پرۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.
سەرۆکوەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پرۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەموزی 2019 پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.
سەرۆکوەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوبرد، کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بو کە بکرێتە ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.
سەرۆکوەزیران دوپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سودی گشتی هەیە لە ڕوی ژینگەیی و تەندروستی، هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاوڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.
سەرۆکوەزیران داواشی لە هاوڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی پێویستیی خۆیان کارەبا بەکاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هاوڵاتییان دەبێت و بەپێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لەکۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچوی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتو لە پاڵپشتيی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پرۆژەکە و فراوانکردنی، کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی بیست و چوار كاتژمێری.
پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاوڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازیيانە کرد کە لە قۆناخی ئەزمونیی پڕۆژەکە ئەنجام درا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچوی کڕینی کارەبا لەلایەن هاوڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتيی دارایی بۆ ئاسانکاری، لەپێناوی خۆگونجاندنی هاوڵاتیيان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.
دواتر ڕەشنوسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای بیست و چوار كاتژمێری (پـڕۆژەی ڕوناکی) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕو بە مەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاريی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات، بۆ بەدوادچون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچونەکانی پرۆژەکە و سەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.
لە بڕگەی دوەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاريی دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنوسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینيی دارایيی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتيی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبونی هاریکاری و هاوئاهەنگيی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دوپاتی کردەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ وەکو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستوری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشەبودجەی هەرێم و شایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتيی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی موچە و خانەنشینی و تەرازوی پێداچونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسيی بێهاوتا بۆ سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردوەو هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕوەوە نەماوە، تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایيی ڕەوای موچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردوەتەوە.