ئاسایش: سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە دەڤەری راپەڕین دەستگیركران
  2025-05-14       158       

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە دەڤەری راپەڕین راگەیاند و دەشڵێت، دەستیش بەسەر 12 كیلۆگرام كریستاڵدا گیرا.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە دو چالاکیدا، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکات و دەستبەسەر بڕی 12 کیلۆ گرام کریستاڵدا دەگرێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەڕۆژانی 7 و 8ی 5ی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچونی ورد، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان ڕێگری لەگواستنەوەی بڕی 12 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ بکەن، کە بازرگانان بەنیازبون ماددە هۆشبەرەکە بگوازنەوە بۆ شارەکانی هەرێم.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 26 لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×