هەر حاجییەكی هەرێمی كوردستان، دو هەزار دۆلاری بەنرخی رەسمی پێدەدرێت
  2025-05-14       114       

حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەر حاجییەكی هەرێمی كوردستان، دو هەزار دۆلاری بە نرخی رەسمی پێدەدرێت و لە ئەمڕۆشەوە حاجیان دەتوانن سەردانی لقەكانی بانكی جیهان بكەن بۆ سودمەندبونیان.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بە هەوڵی بەردەوامی بەرێوەبەرایەتییەكەیان لەگەڵ بانکی ناوەندی فیدراڵ و بە مەبەستی گۆڕینەوەی دو هەزار دۆلار بۆ هەر حاجییەک بە نرخی 132 هەزار دینار، لەئەمڕۆوە حاجیان دەتوانن سەردانی لقەکانی بانکی جیهان بکەن بە مەبەستی سودمەندبونیان لەو بڕە پارەیە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دوای دەرچونی بڕیاری گۆڕینەوەی دو هەزار دۆلار واتە 20 وەرەقە بۆ هەر حاجییەک، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە هەمو هەوڵێکی خستەگەڕ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان تاوەکو ئەم بڕیارە حاجیانی کوردستان بگرێتەوە، ئەوەبو دوای چەندین رێککاری یاسایی و کارگێڕی ئەمڕۆ لە لایەن بانکی ناوەندی حکومەتی فیدراڵەوە بڕە پارەی پێویست بە دۆلار خرایە سەر بانکی جیهان تاوەکو بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ هەر حاجییەک 20 وەرەقە بگۆڕدرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا هەر حاجییەک زیاتر لە 200 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر دۆلار لە بازاڕ بکرێت کە لەم کارەدا 5136 حاجی سودمەنددەبن کە ئەگەر هەمو حاجییەکان بڕە پارەکە بگۆڕنەوە کۆی سودەکە بۆ حاجیانی کوردستان زیاتر دەبێت لە یەک ملیار دینار عێراقی.

هێمای بۆ ئەوەشكردوە كە بەرێوەبەرایەتییەكەیان هەمو داتایەکی داوەتە بانکی جیهان و هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە پێویستە پاسپۆرت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت و لقەکانی بانکی جیهان لە هەولێر و سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە.

ئەوەشی وتوە، بەپێی ئەو کاتانەی کە دیاریکراوە لە شەفتی بەیانیان کاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکو 12 نیوەڕۆ، شەفتی ئێواران کاتژمێر 3ی ئێوارە تاوەکو 5 ئێوارە و شەفتی سێیەم کاتژمێر 7ی شەو تاوەکو 10:30ی شەو لقەکانی بانکی جیهان کراوە دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×