ئا: ئاوێنە
ڕۆبێرت دی نیرۆ خەڵاتی "دار خورمای زێڕینی فەخری" پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ شەش دەیە کاری فیلمسازیی، ئەو ئەستێرە دیارەی هۆلیوود پۆدیۆمی فێستیڤاڵی فیلمی کانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی رەخنەی توند لەدۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمریکا بگرێتو ئەوی بە"دوژمنی هونەرو کلتور" ناوبرد.
ئەمشەو ١٤ی مایس، لەڕێورەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵی فیلمی کان، رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری ئەفسانەیی سینەمای ئەمریکی لێدوانی توندی لەدژی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاو وتی "سەپاندنی باجی سەد لەسەد لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە لەسەر فیلمە بیانییەکان قبوڵ ناکرێت، ناتوانیت باجێک بۆ داهێنان دابنێیت، بەڵام دیارە دەتوانیت باجێکی لەسەر دابنێیت/ کاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەوانەی باوەڕیان بەئازادی هەیە یەکبگرنو ناڕەزایەتی دەرببڕن".
دی نیرۆ داوای کرد کە هەنگاوی جیهانی بۆ بەرگریکردن لەئازادی ئەنجام بدرێتو هۆشداریدا لەوەی هەڕەشە سیاسییەکانی ترەمپ تەنها کێشەیەکی ئەمریکی نییە، بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە، ئەم ئەکتەرە تەمەن ٨١ ساڵە، نیگەرانی قوڵی لەدۆخی دیموکراسی لەئەمریکا دەربڕیو وتی "لەوڵاتەکەمدا ئێمە بەهەموو توانای خۆمانەوە شەڕ دەکەین بۆ پاراستنی ئەو دیموکراسییەی کە ڕۆژێک بەشتێکی ئاساییمان دەزانی. ئەم بابەتەش تەنها پەیوەندی بەئێمەوە نییە؛ بەڵکو لێرەدا کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە، چونکە هونەر کارێکی دیموکراسیییە، هونەر گشتگیرە، مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە، وەک ئەمشەو. هونەر بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت، فرە ڕەنگیو هەمەجۆریی لەباوەش دەگرێت، هەربۆیە هونەرەکەمان بەهەڕەشە بۆ سەر دیکتاتۆرو فاشیستەکان دادەنرێت".
پاشان دی نیرۆ ئاماژەی بەهەنگاوەکانی ئەم دواییەی ترەمپ کرد سەبارەت بەسەپاندنی باجی 100% بەسەر ئەو فیلمانەی لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەم دەهێنرێنو وتی "با بۆ ساتێک بیر لەوە بکەینەوە. داهێنان هیچ نرخێکی نییە، بەڵام دیارە دەتوانیت باجێکی لەسەر دابنێیت بێگومان ئەم بڕیارە قبوڵ ناکرێت. هەموو ئەم هێرشانە قبوڵکراو نینو ئەمەش تەنیا کێشەی ئەمریکا نییە؛ کێشەکە هەموومانە".
وتیشیت "ئەمە فیلمێک نییە تەنها سەیری بکەینو بێدەنگ بین، دەبێت نواندن بکەین. نەک بەتوندوتیژی، بەڵکو بەسۆزو ئیرادە. کاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەوانەی گرنگی بەئازادی دەدەن، هەنگاو بنێن و ناڕەزایەتی دەرببڕن و دەنگ بدەن کاتێک هەڵبژاردن دێت".
لیناردۆ دیکاپریۆ کە خەڵاتی پالم دی ئۆری فەخری پێشکەش بەدی نیرۆ کرد، لەوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "دی نیرۆ تەنها ئەکتەرێکی گەورە نییە، بەڵکو مرۆڤێکیشە کە لەساتەوەختە گرنگەکاندا لەپاڵ هونەرو دیموکراسیو هاوڕێکانیدا وەستاوەو نمونەیەکی ناوازە بوو بۆ نواندن ".
وتیشی "دی نیرۆ زۆر قسە ناکات، بەڵام کاتێک قسەی کرد، گرنگە، جا بۆ هاوڕێ و خێزانەکەی بێت، یان بۆ بەرگریکردن لەدیموکراسی، یان بۆ پشتگیریکردن لەهونەری سینەما، هەمیشە لەگۆڕەپانەکەدایە".
دی نیرۆ کە لە ماوەی شەش دەیەی کاری سینەماییدا دوو خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە، لەفیلمە دیارەکانی " Godfather " (١٩٧٤)، "شەقامەکانی شار" (١٩٧٣)و "شۆفێری تەکسی" (١٩٧٦)و "Raging Bull" (١٩٨٠)، "Goodfellas" ( (١٩٩٠). "The Irishman" (٢٠١٩) و "Full Moon Killers". (٢٠٢٣).
دی نیرۆ لەبەیاننامەیەکدا کە پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە بڵاویکردەوە، وتی "هەست بەپەیوەندییەکی گەورە دەکەم لەگەڵ کان، بەتایبەتی ئێستا کە جیهان پڕە لەو هێزانەی دابەشمان دەکەن، کان ئێمە کۆدەکاتەوە - سینەماکاران، بینەران، خۆشەویستانی چیرۆک. ئەم فێستیڤاڵە بۆ من وەک ماڵ وایە".
٧٨ەمین فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ١٣ تا ٢٤ی مایسی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت.