دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"، لینكی چاوپێكەوتنەكەی عەلی شەمخانی، راوێژكاری سیاسی عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لەگەڵ كەناڵی "ئێن بی سی نیوز" بڵاوكردوە كە تێیدا وتبوی، تاران ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەمەرجی هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر وڵاتەكەی.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لینكی چاوپێكەوتنەكەی عەلی شەمخانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" بڵاوكردۆتەوە بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێكی لەبارەوە بدات.
شەمخانی لە چاوپێكەوتنەكەیدا رایگەیاندوە، ئێران بەتەواوەتی پابەند دەبێت بەوەی هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەكات، لەگەڵ دەستەبەرداربونی لەو یۆرانیۆمەی كە بە ئاستێكی بەرز پیتاندویەتی و، رازیبون بە پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا لەو ئاستەی پێویستە بۆ بەکارهێنانی مەدەنی و رێگەدان بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێری پرۆسەکە.
شەمخانی ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران ئامادەیە هەمو ئەمانە بكات لە بەرامبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی هەمو ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر تاراندا سەپاندونی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئاخۆ ئێران ئامادەیە ئەمڕۆ رێککەوتن ئیمزا بکات، ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن، شەمخانی وتویەتی: بەڵێ.