پارێزگاری دهۆك رایگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان پەكەكەو توركیا نزیكەی لەسەدا 30ی گوندەكانی سنوری پارێزگاكەیان وێران و چۆڵكراون و داوای لە پەكەكە كرد ئەو گوندو شاخانە چۆڵ بكەن كە لە ئێستادا هێزەكانیان تێیدا جێگیرن بۆ ئەوەی دانیشتوانەكانیان بتوانن بگەڕێنەوە.
ئاوێنە: عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتوە و نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون."
بەقسەی عەلی تەتەر، "هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتوانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەكەین ئەو گوند و شاخانەی کە ئێستا تێیدا جێگیرن، چۆڵیان بکەن بۆ ئەوەی دانیشتوانەكانیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
وەك پارێزگاری دهۆك ئاماژەی پێدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردوە بە جێبەجێکردنی ژمارەیەك پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لەو ناوچانەی كە زیانیان بەرکەوتوە، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.
ئەو قسانەی پارێزگاری دهۆك دوای ئەوە دێن كە رۆژی دوشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.
لەو ناوچانەی شەڕ لە پارێزگای دهۆك و چەند ناوچەیەكی دیكەی پارێزگای هەولێر، سوپای توركیا چەندین بارەگای بەقوڵایی چەندین كیلۆمەتر دامەزراندون، بەڵام تاوەكو ئێستا بەرپرسانی ناوچەیی و بەرپرسانی حكومەتی هەرێم داوای كشانەوەی ئەو هێزانەی توركیایان نەكردوە.