تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، سەرباری راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، لە 12ی ئایارەوە، توركیا 31 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە كە زۆرترینیان ئەمڕۆ بوەو 23 جار چەند ناوچەیەكی بۆردومان كردون.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرباری ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەكەكە، سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرش و لەشکرکێشییەکانی.
ئەوشەی خستۆتەڕو، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ(پێنجشەممە)وە تاوەکو درەنگانی دوانیوەڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 14 جار تۆپبارانی (گەلی سیڤا)یان لە چیای مەتینا لە پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی کرد. هەر ئەمڕۆ، گوندی کەفنە مژێ و چیای گارا، 9 جار بونە ئامانجی تۆپخانەکانی سوپای تورکیا.
كامەران عوسمان وتوشیەتی، هەرچەندە پەکەکە لە ڕۆژی 12ی ئایارەوە، ئەنجامی کۆنگرەی 12هەمینی حزبەکەی ڕاگەیاند و بە فەرمی خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا 31 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە ئەمڕۆ زۆرترینیان بوە.