خەزعەلی: سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن نیشانەی بەردەوامیی رێبازی جیابونەوەی هەرێمە لە عێراق
  2025-05-30       461       

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق رایگەیاند، خەونی سەربەخۆیی و جیابونەوە لە عێراق لای سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003ەوە بە بەهێزییەوە بونی هەبوەو روخسارەكانی لە ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017دا بە رونی دەركەوتن. دەشڵێت، سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، بەردەوامیی سەركردایەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر رێبازی جیابونەوەو هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتییاندا روی نەداوە.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەكانی هەرێمەوە هەمو لایەك دەیزانن، لەنێویشیاندا حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق و رێكخراوی ئۆپیك و وڵاتانی گەورە.

وتیشی، ئەو تانكەرانەی نەوتی هەرێم بۆ ئەفغانستان و پاكستان دەبەن، بە نهێنی نایبەن، ئەم بەقاچاخبردنە ساڵانە زیاتر لە دو ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندوە.

بەقسەی خەزعەلی حكومەتی عێراقی نەرمییەكی زۆری نیشانداوە لەپێناو هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی كوردستان هەماهەنگی رەتكردۆتەوەو بەردەوامە لە هێنانەوە پاسا و دروستكردنی بیانو.

ئەو پێشی وایە، بەردەوام ئەو دۆخە رەنگدانەوەی خەونی كوردییە بۆ جیابونەوە، كە پەیوەستە بە واقعێكی سیاسی فراوانتر لە ناوچەكە بەتایبەت لە سوریا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، خەونی جیابونەوە لە 2003ەوە لە سیاسەتی سەركردایەتی هەرێمی كوردستاندا بەبەهێزی بونی هەبوەو روخسارەكانی لە ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017دا بە ئاشكرا دەركەوتن و وتیشی، ئەو سیاسەتانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە گیراونەتەبەر بۆ بەهێزكردنی جیابونەوەو سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانن لە عێراق.

بەقسەی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق، وێڕای ئەوەش دەوڵەتی عێراقی بە رۆحێكی ئەرێنییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەمەدا كردوەو بارەیەكی زۆری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخان كردوە كە گەیشتۆتە نزیكەی 10 ترلیۆن دیناری ساڵانە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم پابەند نەبوە بە رادەستكردنی داهاتەكانی.

خەزعەلی وتیشی، من ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی عێراق بە پەیامێكی "باش" دەزانم بۆ خەڵكی كوردستان و پشتیوانی لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران دەكەین، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم دەستهەڵبگرێت لەو ئاڕاستەیەی كە هەرێمی كوردستان لە عێراق دوردەخاتەوەو پابەندبێت بە ئەركەكانی خۆیەوە وەك ئەوەی كە داوای مافەكانی دەكات.

خەزعەلی پێشی وایە، سەردانەكەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، بەرونی رەنگدانەوەی بەردەوامی رێبازی جوداخوازی و نەبونی هیچ گۆڕانكارییەكە لە سیاسەتی سەركردایەتی هەرێمی كوردستاندا.

بەقسەی ئەو، ئەم كارە لەپێشدا هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان و زیانیشی بۆ عێراق دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق دەوڵەتێكی خاوەن سەروەرییەو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پابەندكەرن بۆ هەموان و داواشی كردوە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان پابەندبن بەو بڕیارانەو بچنە باوەشی دەوڵەتی عێراق بۆ بەدیهێنانی یەكێتی و سەقامگیریی لە عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×