نەتەنیاهۆ: هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران دەبێت هەڕەشە ئەتۆمی و موشەكییەكان نەهێڵێت
  2025-06-22       151       

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەكەی ئەمریكا زیانێكی گەورەی لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران داوەو دەشڵێت، ئێرانمان بەشێوەیەكی بەرچاو بۆ دواوە گەڕاندەوە ئەگەر پێویست بكات ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەنجام دەدەین. جەختیش دەكاتەوە كە هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران دەبێتە هەڕەشە ئەتۆمی و موشەكییەكانی ئەو وڵاتە نەهێڵێت.

ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان لەپێناو لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران و شکستپێهێنانی حەماس و گەڕانەوەی رفێنراوەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێش شەڕ وتم، روخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین، ئەمڕۆ ئەوە دەکەین.

جەختیشی كردەوە، هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەڕ دژی ئێران.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ترەمپی كرد "بۆ ئەو کارە شەرەفمەندانەی کە سوپای ئەمریکا ئەنجامی داوە."

وتیشی"بابەتەکان هەڵدەسەنگێنین و کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی دامەزراوەی فۆردۆ چیتر مەترسی لەسەر ئێمە دروست ناکات."

جەختیشی كردەوە كە هەمو ئامانجەکانی شەڕ دژی ئێران بەدی بهێنن پێشوەختە کۆتایی بەو ئەرکە ناهێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە، گورزەكەی ئەمریکا زیانێکی گەورەی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندوە.

نەتەنیاهۆ وتیشی"ئێرانییەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ دواوە گەڕاندەوە، ئەگەر پرسەكە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی زیاتریش هەبێت ئەوا ئەنجامی دەدەین."

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی وتی"چانسی ئاشتی لە ناوچەکە زیاترە." بەڵام ئاماژەی بەوەشدا كە "لە ئێستادا وا دەرناکەوێت ئێران ئامادەبێت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی باش."

جەختیشی كردەوە كە "هەر رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران دەبێت تەواوی هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییە بالیستییەكانی نەهێڵێت."

هەروەها وتیشی، بەشێکی گرنگی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گورزی بەهێزی بەرکەوتوە. بەوردی لە ئەنجامی گورزەكەی سەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەکۆڵینەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×