وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دەیانەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەن، کە رێگری لە بەرنامە ئەتۆمی و چالاکییە بالیستییەکانی ئێران بکات، ئەگەر رێنەکەون دووبارە سزاکانی سەر ئێران دەسەپێننەوە.
ئاوێنە: ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئێران کرا، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت و ئەمەش دۆخێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردار کرد، لە بەرامبەردا رۆژئاوا بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانی هەڵگرت، بەڵام لە ساڵی 2018 ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و ئێرانیش پابەندییەکانی کەم کردەوە.
رێککەوتنی ئەتۆمی لە 14ی تەممووزی 2015 لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما لەنێوان ئەمریکا، ئێران، چین، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا واژۆ کرا.